توركیا: سه‌رمایه‌كان بۆ ده‌ره‌وه‌ هه‌ڵدێن

هەواڵ / ئابوری :: 19/11/2018‌ :: 413‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
ئابوورى توركیا له‌ كاریگه‌رى گورزێك رزگارى نابێت، دانه‌یه‌كى به‌هێزترى به‌رده‌كه‌وێت، دواى ئه‌وه‌ى ئاماره‌كانى بێكارى بڵاوكرانه‌وه‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌كى پێوانه‌یی به‌رزبوه‌ته‌وه‌، په‌رله‌مانتارێكى ئۆپۆزسیۆن ئاشكرایكرد، هه‌ڵهاتنێكى مه‌ترسیدارى سه‌رمایه‌ هه‌یه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ى وڵات.


ئاكیوت ئاردوغدو، په‌رله‌مانتارى پارتى گه‌لى كۆمارى رایگه‌یاند: ئاماره‌كانى ته‌رازوى پێدانه‌كان، كه‌ بانكى ناوه‌ندى توركیا بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، ده‌ریده‌خه‌ن وه‌به‌رهێنه‌ره‌ بیانییه‌كان بۆ به‌ده‌ستهێنانى قازانج، به‌هۆى به‌رزى نرخى سووه‌كان، سه‌رمایه‌یه‌كى زۆر ده‌به‌نه‌ ده‌ره‌وه‌، هه‌روه‌ها سه‌رمایه‌یه‌كى زۆرى ناوخۆییش به‌شێوه‌یه‌كى خێراتر رووه‌و ده‌ره‌وه‌ ده‌ڕوات، ئه‌وه‌ش به‌هۆى دابه‌زینى به‌هاى لیره‌.

رۆژنامه‌ى (زه‌مان) له‌زارى ئاردوغدو بڵاویكردوه‌ته‌وه‌: به‌پێى ئاماره‌كانى نۆ مانگى یه‌كه‌مى ئه‌مساڵ 20 ملیار دۆلار له‌ سه‌نه‌دات و سه‌رمایه‌ چوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكردوه‌ كه‌ ساڵى 2018 قه‌باره‌ى سه‌رمایه‌ى بیانى به‌رێژه‌ى یه‌ك له‌سه‌ر سێ كه‌میكردوه‌.

رۆژى پێنجشه‌ممه‌ى رابردووش ئابوورى توركیا گورزێكى به‌هێزى به‌ركه‌وت، كاتێك ده‌سته‌ى ئامارى توركیا بڵاویكردوه‌: رێژه‌ى بێكارى له‌ ماوه‌ى نێوان ته‌مووز و ئاب بۆ 11.1% به‌رزبووه‌ته‌وه‌، له‌كاتێك هه‌مان ماوه‌ى ساڵى رابردوو 10.2%، ئه‌وه‌ش به‌هۆى دابه‌زینى به‌هاى لیره‌ى توركى به‌رێژه‌ى 40%.

هاوكات ئاژانسى (مودیز) بۆ پۆلینى دڵنیایی له‌ 9ى ئه‌م مانگه‌ رایگه‌یاند: ئابوورى توركیا ساڵى داهاتوو له‌ چاوه‌ڕاوانى "ئازارێكى زۆر به‌هێزه‌".

رونیشيكرده‌وه‌: كاریگه‌رییه‌كانى دابه‌زینى به‌هاى لیره‌ له‌سه‌ر ئابوورى توركیا ده‌رده‌كه‌وێت و ده‌بێت به‌ كێشه‌ى ئابوورى و گه‌شه‌ى ئابووریش خاوده‌كاته‌وه‌.   

ئا: سیروان محه‌مه‌د



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە