سەركردەیەكی یەكگرتوو: ئەگەری گۆڕینی ئەمیندار كراوەیە

هەواڵ / کوردستان :: 19/11/2018‌ :: 231‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
سەركردەیەكی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ئاشكرایدەكات: هەفتەی داهاتوو لیژنەكانی تایبەت بە كۆنگرەی هەشتەمی حیزبەكەیان دیاری دەكرێن بۆ ئامادەكاری كۆنگرە.


د. عومەر محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی بە دواڕۆژی راگەیاند: ساڵی داهاتوو ئەم كاتانە كۆنگرەی هەشتەم دەبەسترێت و هەفتەی داهاتووش لیژنەكانی تایبەت بە كۆنگرە دیاریدەكرێن بۆ ئەوەی بەرچاویان رۆشن بێت بۆ ئامادەكارییەكانی كۆنگرە.

یەكگرتووی ئیسلامی لە هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی پەرلەمانی كوردستان لەچوارچێوەی لیستی بەرەو ئیسڵاح تەنها 84 هەزار دەنگیان هێنا كە پێنج كورسییە و تەنها كاندیدەكانی یەكگرتووش بۆ پەرلەمان سەركەوتن، بەو هۆیەوە یەكگرتوو هەفتەی رابردوو ژمارەیەك گۆڕانكاری ئەنجامدا.

سەبارەت بەوەی گۆڕانكاری لەجێگۆڕكێی كەسەكان دەتوانن یەكگرتوو پێش بخەن؟ د. عومەر وتی: "ئەندامانی سەركردایەتی لە كۆنگرەدا هەڵبژێردراون ناتوانین دەستكارییان بكەین و خەڵك لەدەرەوە بێنین، بۆیە هەر دەبێت لەو چوارچێوەیەدا گۆڕانكارییەكان بكەین، دەبێت لە كۆنگرەدا بەپێی پەیڕەو و پڕۆگرام گۆڕانكاری بكرێت".

دەربارەی ئەگەری گۆڕینی سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری یەكگرتووش لە كۆنگرەی داهاتوودا، ئەو سەركردەیەی یەكگرتوو دەڵێت: "هەموو ئەگەرەكان كراوەن و هەموو ئەندامێكی كۆنگرەش مافی هەیە خۆی بۆ ئەمیندار كاندید بكات".

 

پێداچوونەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure