نوێترین زانیارى له‌سه‌ر كاره‌باى شارى سلێمانى

هەواڵ / ئابوری :: 19/11/2018‌ :: 1063‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانی ئاشكرای ده‌كات، بەرهەمهێنانی كارەبا نزیكەی 500 بۆ 600 مێگاوات زیادیكردووە و له‌ ئێستاشدا رۆژانه‌ نزیكەی 12 بۆ 13 كاتژمێر كارەبای نیشتمانی دابین دەكەن.

سالار حیسامەدین، بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانی، لە لێدوانێكدا بۆ دواڕۆژ رایگەیاند: پێدانی كارەبا پەیوەندی بە بەرهەمهێنان و خواستەوە هەیە، خواستیش لە وەرزێكەوە بۆ وەرزێكی دیكە جیاوازە.

وتیشی: "ئێستا بەرهەمهێنانمان نزیكەی 500 بۆ 600 مێگاوات زیادیكردووە، بەڵام ئەگەر بە زستانی رابردوو بەراوردی بكەین ئەمساڵ بەرنامەی كارەبامان باشتره‌ و له‌ئێستادا رۆژانه‌ 12 بۆ 13 كاتژمێر كارەبای نیشتمانی دابین دەكەین".

سەبارەت بە بەرنامەیان بۆ كارەبای وەرزی زستان، ناوبراو روونیكردەوە،  بۆ زستانیش دەبێت بەرهەمهێنان باش بێت و خواستیش لەئاستێكی وا بێت بتوانن بەرنامەی باش بۆ پێدانى كاره‌با دابنێین، ئەوەی زستانان رووبەڕووی دەبینەوە،چەند پلەكانی گەرما دابەزێت ئەوەندەش خواستی بەكارهێنانی كارەبا زیاد دەكات و ئەوەندەش بەرنامەی كارەبا دێتە دواوە.


پێداچوونه‌وه‌: سیروان محه‌مه‌د



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure