هەوڵی دانانەوەی چوار شمشێرەکەی سەدام لە کەرکوک دەدرێت

هەواڵ / کوردستان :: 19/11/2018‌ :: 465‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری
ئەمڕۆ دووشەممە 19ی تشرینی دووەم، پڕۆسەی دانانەوەی چوار شمشێرەکە لەگەڕەکی عەرەفەی شاری کەرکوک دەستیپێکرد و لە یەکەم هەنگاودا یەکێک لە شمشێرەکان دانرایەوە، کە پێشتر لەلایەن ئیدارەکەی نەجمەدین کەریمەوە وەکو یەکێک لە شوێنەوارەکانی حزبی بەعس لە پارێزگاکە لادرا.


بەڵام هێزەکانی دژەتیرۆر لەدوای گەیشتنیان بەشوێنەکە رێگرییانکرد لە دانانەوەی شمشێرەکانی دیکە، بەپێی زانیارییەکان هۆکاری راگرتنەکەش بەهۆی ئەوە بووە جگە لە بڕیاری بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکور، هیچ بڕیارێکی حکومی و وەزاری بۆ دانانەوەی نەبووە.

رێبوار تەها، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە راگەیەنراوێکدا وتی: "دوابەدوای دانانەوەی پەیکەری شمشێرەکان بەبڕیاری بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی کەرکوک کە هێمای کەلتوری حیزبی بەعسی رووخاوە، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کەوتینە گفتوگۆ، سەرەنجام توانیمان قەناعەت بە لایەنە پەیوەندیدارەکان بهێنین و بڕیاری لادانی ئەو پەیکەرە بدەن".

ستار جەباری، یەکێک لە رۆشنبیرانی کوردی شارەکە بە دواڕۆژی وت: "لە دوای لابردنی ئەو پەیکەرە پێشنیارمان کرد لە شوێنەکەی پەیکەرێک دابنرێت گوزارشت لە پێکەوەژیان و برایەتی بکات، بەڵام بەداخەوە عەقڵییەتێک هەیە قبوڵی نەکرد".

وتیشی: "دانانی ئەو چوار شمشێرە لەبنەڕەتدا پەیامێک بوو گوایە هەر کەسێک ببێتە مەترسی لەسەر دەسەڵات و کەرکوک بەشمشێر رووبەڕووی دەبنەوە و ملی دەپەڕێنن، لەئێستاشدا بەدووبارە دانانەوە مەبەستیانە بڵێن بەشمشێری عەرەب کەرکوک پارێزراوە و دەپارێزرێت و پەیامەکەیش بۆ کوردە".

ئەو چوار شمشێرە لەساڵی 1973 لەفلکەی عەرەفە دانراوە و لەلایەن سەدام حسێن جێگری سەرۆکی حکومەتی ئەوکاتە پەردەی لەسەر لادراوە.

لەئێستادا لەلایەن کۆمپانیای نەوتی باکورەوە چوار شمشێرەکە دروستکراوەتەوە.

پێداچوونه‌وه‌: ئارام غه‌فور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure