بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی هاورده‌ی ته‌ماته‌ زیانێكی زۆر به‌ بازرگانانی هه‌رێم ده‌گه‌یه‌نێت

هەواڵ / ئابوری :: 20/11/2018‌ :: 400‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر
سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی گومرگی سه‌وزه‌ و میوه‌ی هه‌ولێر رایده‌گه‌یه‌نێت: به‌هۆی بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی هاورده‌ی ته‌ماته‌ بۆ ناو عێراق، ئه‌مڕۆ هیچ به‌رهه‌مێكی ته‌ماته‌ له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ هه‌نارده‌ی عێراق نه‌كراوه‌، ده‌شڵێت: "ئه‌و بڕیاره‌ی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عێراق زیانێكی زۆر به‌ بازرگانان ده‌گه‌یه‌نێت". 


دوای ئه‌وه‌ی رۆژی 18ی ئه‌م مانگه‌ وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عێراق بڕیاریدا له‌ رۆژی 19ی تشرینی دووه‌می 2018 نابێت هیچ به‌رهه‌مێكی ته‌ماته‌ له‌ وڵاتانی تر هاورده‌ی ناو عێراق بكرێت، ئه‌وه‌ش به‌هۆی پێگه‌یشتنی به‌رهه‌می ته‌ماته‌ی ناوخۆ له‌ شاره‌كانی به‌سره‌ و كه‌ربه‌لا و چه‌ند شوێنێكی دیکە بۆ ئه‌وه‌ی به‌رهه‌می ناوخۆ زیانی به‌رنه‌كه‌وێت. 

له‌وباره‌یه‌وه‌ ره‌جه‌ب عه‌زیز، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی گومرگی سه‌وزه‌ و میوه‌ی هه‌ولێر به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: به‌هۆی بڕیاره‌كه‌ی حكومه‌تی عێراق، ئه‌مڕۆ له‌ خاڵی گومرگی پردێ رێگه‌نه‌دراوه‌ هیچ بڕه‌ ته‌ماته‌یه‌ك له‌ هه‌ولێره‌وه‌ بچێته‌ شاره‌كانی خوارووی عێراق. 

سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی سه‌وزه‌ و میوه‌ی هه‌ولێر وتیشی: "حكومه‌تی عێراقی له‌و بڕیاره‌دا هه‌رێمی كوردستانی وه‌ك وڵاتانی دیکە ئه‌ژمار كردووه‌ و رێگه‌ نادات بازرگانانی هه‌رێم به‌رهه‌می ته‌ماته‌ كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ هاورده‌یان كردووه‌ بۆ شاره‌كانی عێراق ببرێت، به‌ڵام به‌رهه‌می ته‌ماته‌ له‌ شاره‌كانی عێراق بۆ ناو هه‌رێمی كوردستان دێت". 

ره‌جه‌ب عه‌زیز ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: ئه‌مڕۆ ته‌ماته‌یه‌كی زۆر له‌ گومرگی هه‌ولێر ماوه‌ته‌وه‌ و نه‌فرۆشراوه‌ چونكه‌ حكومه‌تی عێراقی رێگه‌ نادات ته‌ماته‌ له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ هه‌نارده‌ی شاره‌كانی خوارووی عێراق بكرێت، به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ زیانێكی زۆر به‌ بازرگانان ده‌كه‌وێت.

 

پێداچوونەوە: چالاک عومەر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە