"ده‌رماڵه‌ى مانگانەی نووسینگه‌ى به‌رپرسێك 17 ملیار دینارە"

هەواڵ / ئابوری :: 17/11/2018‌ :: 1957‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، محه‌مه‌د عه‌لى
په‌رله‌مانتارێكى خولى پێشووى په‌رله‌مانى عێراق له‌ لیژنه‌ى دارایى ئاشكرای کرد، 17 ملیار دینار بۆ ده‌رماڵه‌ى نووسینگه‌ى سه‌رۆك وه‌زیران ته‌رخانكراوه‌.


ره‌حیم دوڕاجى، ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى له‌ خولى پێشووى په‌رله‌مانى عێراق، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانیدا ئاشكرایكرد: ده‌رماڵه‌ى نووسینگه‌ى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق، 17 ملیار دیناره‌ بۆ هه‌ر مانگێك.

رونیشیكرده‌وه‌: ژماره‌ى فه‌رمانبه‌رانى نووسینگه‌ى سه‌رۆك وه‌زیران له‌ 47 كه‌س تێناپه‌ڕێت، له‌ كاتێكدا بودجه‌ى ساڵانه‌یان ده‌گاته‌ 213 ملیار دینار.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى خولى پێشووى په‌رله‌مانى عێراق، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكرد: ئه‌و پاره‌یه‌ى بۆ نووسینگه‌ى سه‌رۆك وه‌زیران ته‌رخانكراوه‌، هه‌موو مانگێك ده‌توانرێت 17 قوتابخانه‌ى پێدروست بكرێت.

حكومه‌تى پێشووى عێراق، به‌چه‌ند رۆژێك پێش ته‌واوبوونى كاته‌كه‌ى خۆى و ده‌ستبه‌كاربوونى حكومه‌تى ئێستا به‌سه‌رۆكایه‌تى عادل عه‌بدولمه‌هدى پرۆژه‌یاساى بودجه‌ى گشتى فیدراڵى بۆ ساڵى دارایى 2019ى ره‌وانه‌ى په‌رله‌مان كرد، ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدایە حكومه‌تى ئێستاى عێراق، باوه‌ڕى وایه‌ ئه‌و پرۆژه‌یاسایه‌ ده‌بێت به‌پێى به‌رنامه‌ و دیدگاى حكومه‌تى نوێ دابڕێژرێته‌وه‌.

پێداچوونه‌وه‌: سیروان محه‌مه‌د



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure