پەیامێك ئاڕاستەی لایەنەكان دەكرێت

هەواڵ / کوردستان :: 17/11/2018‌ :: 558‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
سەرۆكی رێكخراوی ئاڵای سپی داوا لە لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكات لەڕۆژی جیهان لێبوردەییدا چاوپۆشی لە هەڵەی یەكدی بكەن و لێبوردە بن و دەرگای گفتوگۆ و دانوستان بۆ یەكتر بكەنەوە.


دوێنێ شه‌ممه‌ 16ی تشرینی دووەمی 2018 رۆژی جیهانی لێبوردەیی بوو، بەڵام ئەمڕۆ كۆلێژی زانستە ئیسلامییەكانی زانكۆی سلێمانی بەهاوكاری رێكخراوی ئاڵای سپی، لە رۆژی جیهانی لێبوردەییدا لە هۆڵی ئوتێل داوا لە شاری سلێمانی سمینارێكیان سازكرد.

عەبدولفەتاح حسێن، سەرۆكی بەشی پەروەردەی ئاین لە كۆلێجی پەروەدەی زانستە ئیسلامییەكانی زانكۆی سلێمانی و سەرۆكی رێكخراوی ئاڵای سپی لە لێدوانێكدا بۆ دواڕۆژ رایگەیاند: هەرچەندە دوێنێ رۆژی لێبوردەیی بووە، بەڵام بەهۆی پشووەوە سیمینارەكەیان خستۆتە ئەمڕۆ، بەلایانەوە گرنگ بووە لەو رۆژەدا رای بژاردەیەك لە سیاسی و ئایینی و میدیاكان كە كاریگەرییان لەسەر كۆمەڵگە هەیە لەسەر گیانی لێبوردەیی بزانن.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد: لێبوردەیی بۆ ئیستای كوردستان زۆر گرنگە، چونكە لەسەروبەندی پێكهێنانی كابینەی نوێداین، ئەگەر لێبوردەیی لەنێوان لایەنەكاندا نەبێت رەنگە ئاستەنگی گەورە دروست ببێت بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ كە نوێنەرایەتی هەموو لایەنەكان بكات، بۆیە پەیام بەلایەنەكان دەگەیەنین كە چاوپۆشی لە هەڵەی یەكدی بكەن و لێبوردە بن و دەرگای گفتوگۆ و دانوستان بۆ یەكتر بكەنەوە".

شۆڕش حاجی، وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان لە وتارێكدا لە سیمینارەكە رایگەیاند، تائێستا لە كوردستان دەزگایەكی میدیایی نیشتمانیی نییە تا خەڵك ئاڕاستە بكات، چونكە حیزب چەندین كەناڵی هەیە، وتی: "راستە حیزبەكان لە بیركردنەوەو گەیشتن بە ئامانج جیاوازین، بەڵام گرنگە یەكتر قبوڵ بكەین و لەیەكتر بگەین، لە كاتێكدا ئێمە لەگەڵ فارس و عەرەب مامه‌ڵه‌و گفتوگۆ دەكەین، بۆچی لەگەڵ یەكتر گفتوگۆ و لێكتێگه‌یشتنمان نەبێت، چونكه‌ بەیەكەوە كاركردن مەرجی سەركەوتنە".

هەروەها عەتا شێخ حەسەن، وتەبێژی پارتی لە سلێمانی و بەشداربووی سیمینارەكە بۆ دواڕۆژی روونكردەوە: حیزبەكەیان بەرەنجامی كه‌لتور و فەرهەنگی كۆمەڵگەیەو هەموو كاتێك لەگەشەی سیاسیدا لەگەڵ رەوتی گەشەی كۆمەڵگەدا رواوەو بەپێی ئاست و قەوارەی سیاسی و سەربازی و جەماوەریی خۆی، هەنگاوی ناوە.

ناوبراو وتی: "گرنگە یەكتر قبوڵ بكەین و جیاوازییەكانمان بەجیاوازی دەنگ و رەنگەوە قبوڵ بكەین، پێكەوەژیان بكەینە میتۆدی كار، كوردستان پێویستی بەبونیادی بەهێزە ئەوەش بە سەقامگیری سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئەمنی دەكرێت، راستە سەقامگیری ئەمنی و كۆمەڵایەتی هەیە، بەڵام سەقامگیری سیاسی بەداخەوە هەندێجار كەوتۆتە بەر تەنگەژە، بۆیە گرنگ ئەوەیە هەموومان بەئیرادەوە لەسەر نەخشەی دەنگی خەڵك بۆ حوكمڕانییەكی تەندروست و بۆ دروستكردنی حكومەتی هاوڵاتی كار بكەین".  

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure