بەڵگەی نوێ دەکەوێتە دەستی تورکیاوە لەبارەی کوشتنی خاشقچییەوە

هەواڵ / جیهان :: 17/11/2018‌ :: 317‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
رۆژنامەیەکی تورکی ئاشکرایدەکات، ئەنقەر تۆمارێکی دەنگی لەبەردەستە کە پێچەوانەی ئەو راگەیەندراوە دەردەخات کە داواکاری گشتی سعودیە لەسەر کوشتنی جەمال خاشقچی خستویەتییەڕوو.


بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی حورییەت، دەسەڵاتدارانی تورکیا بەڵگەیەکی دیکەی دەنگی دەستکەوتووە کە ماوەکەی 15 خولەک و تیایدا دەرکەوتووە هیچ هەوڵێک لەگەڵ خاشقچی نەدراوە بۆ ئەوەی رازی بکەن بگەڕێتەوە بۆ سعودیە.

ئەوەشیان ئاشکراکردووە: رۆژنامەنوسە سعودییەکە دەرزی لێ نەدراوە، بەڵکو خنکێنراوە لە رێگەی گوریس یاخود کیسەیەکی نایلۆنەوە.

بەپێی هەواڵەکەی حورییەت، "لە تۆمارە دەنگییەکەدا تیمێکی سعودی گفتوگۆ لەبارەی ئەوەوە دەکەن چۆن خاشقچی بکوژن و تیایدا رۆڵی هەر ئەندامێکی تیمەکە دیاریکراوە. جگە لەوەش کۆمەڵێک بەڵگە کۆکراوتەوە کە تیایدا تیمەکە پەیوەندی بەدەرەوە دەکەن و ئەو بەڵگانەش حاشاهەڵنەگرن لەسەر چۆنێتی رووداوەکە".

پێشتر داواکاری گشتی سعودیە رایگەیاندبوو: خاشقچی رۆژی 2ی تشرینی یەکەم دەرزی بێهۆشکەری لێدراوەو دواتر پارچەپارچە کراوە، فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ پێنج کەسیش دەرکرد لەسەر ئەو کەیسە. بەڵام هەموو گومانێکی لەسەر محمەد بن سەلمانی شازادەی جێنشینی سعودیە لابرد.

داواکاری گشتی ئەوەشی ئاشکراکردووە: ئەحمەد عسێری جێگری پێشووی سەرۆکی هەواڵگری سعودیە کە لەسەر هەمان کەیس لە پۆستەکەی لابراوە، فەرمانی دەرکردووە خاشقچی "بە ویستی خۆی یان بەزۆر" بگێڕنەوە سعودیە، بەڵام سەرۆکی ئەو تیمەی کە نێردراوە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ خاشقچی فەرمانی کوشتنەکەی دەرکردووە.

ئامادەکردنی: ن.ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure