"بارودۆخى كۆمه‌ڵایه‌تى رێخۆشكه‌ره‌ بۆ ئه‌نجامدانى توندوتیژى دژ به‌ ژنان"

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 19/11/2018‌ :: 283‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید
توێژه‌رانى ده‌رونى و ئه‌ندامانى رێكخراوه‌كانى بوارى ژنان له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ پێیانوایه‌ باردۆخى كۆمه‌ڵایه‌تى رێكخۆشكه‌ره‌ بۆ ئه‌نجامدانى توندوتیژى دژ به‌ ژنان، بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ئه‌مه‌ش هۆشیاركردنه‌وه‌ى زیاترى كۆمه‌ڵگا به‌ پێویست ده‌زانن.


حاڵه‌ته‌كانى توندوتیژى دژ به‌ ژنان له‌ هه‌رێمى كوردستان هێشتا به‌رده‌وامییان هه‌یه‌، لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی سنورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ش باس له‌ هۆكار و ده‌رئه‌نجامه‌كانى به‌رده‌وامى ئەو دیاردەیە دەکەن دژ بە ژنان.

شه‌یدا موعته‌سه‌م، یه‌كێك له‌ چالاكوانانى كۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى به‌ دواڕۆژى وت: پێموایه‌ به‌شێوه‌یه‌كى گشتى زیادبوونى حاڵه‌ته‌كانى توندتیژى دژ به‌ ژنان بۆ چه‌ند هۆكارێكى سه‌ره‌كى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، هه‌ندێكیان په‌یوه‌ندییان به‌و قه‌یرانه‌ سیاسى و ئابوریانه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ باڵیان به‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستاندا كێشاوه‌ هه‌روه‌ها لێكتێنه‌گه‌یشتنى هاوسه‌ره‌كان و دروستكردنى به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م ژناندا له‌لایه‌ن خێزانه‌كانه‌وه‌ بۆ هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌یان و ناهۆشیارى هه‌ندێك خێزان به‌رامبه‌ر به‌ مافه‌كانى ژنان هۆكارێكى ترن كه‌ ژنان روبه‌ڕووى توندوتیژى ببنه‌وه‌.

وتیشی: "له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى ئه‌و هۆكارانه‌ى سه‌ره‌وه‌ كاریگه‌ربوون بۆ ئه‌نجامدانى توندوتیژى دژ به‌ژنان به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ده‌بینین به‌ده‌یان و سه‌دان رێكخراوى بوارى ژنان بونیان هه‌یه‌ و له‌ بنه‌ڕه‌تدا بۆ به‌رگریكردن له‌ مافه‌كانى ژنان دامه‌زراون به‌ڵام له‌ راستیدا به‌كردار شتێكى ئه‌وتۆیان بۆ ژنان نه‌كردووه‌ و ته‌نانه‌ت ئه‌و ژنانه‌شى كه‌ توندوتیژییان به‌رامبه‌ر كراوه‌ هیچ ئاوڕێكیان لێنه‌دراوه‌ته‌وه‌ له‌لایه‌ن ئه‌و رێكخراوانه‌وه‌، ئه‌وه‌ش بۆخۆى كاره‌ساته‌ له‌بوارى كارى رێكخراوه‌یدا".

ئه‌و چالاكوانه‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: هۆكارى چالاك نه‌بونى رێكخراوه‌كانى بوارى ژنان بۆ كاركردن له‌سه‌ر مافه‌كانى ژنان بۆئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ زۆربه‌ى ئه‌و رێكخراوانه‌ كاریگه‌رى حیزبه‌كانیان له‌سه‌ره‌ و به‌فه‌رمانى ئه‌وان كارده‌كه‌ن، هه‌ر كارێك له‌به‌رژه‌وه‌ندى حیزبه‌كه‌یاندا نه‌بێت رێگه‌ ناده‌ن رێكخراوه‌كانیش كارى له‌سه‌ر بكه‌ن بۆیه‌ ئه‌وه‌ش وایكردووه‌ ده‌ست و په‌نجه‌ى زۆربه‌ى رێكخراوه‌كان به‌تایبه‌ت رێكخراوه‌كانى بوارى ژنان بەستراو بێت و ناتوانن به‌وشێوازه‌ كاربكه‌ن كه‌ بانگه‌شه‌ى بۆده‌كه‌ن.

له‌سه‌ر هه‌مان پرس، محه‌مه‌د وه‌لى، توێژه‌رى ده‌رونى له‌ ده‌زگا ژیان بۆ مافه‌كانى مرۆڤ، ئه‌وه‌ى بۆ دواڕۆژ روونكرده‌وه‌: به‌داخه‌وه‌ سیستمه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان له‌هه‌رێمى كوردستان یارمه‌تیده‌رێكى باش نه‌بوون بۆ ژنان بۆ ئه‌وه‌ى له‌ حاڵه‌ته‌كانى ئه‌نجامدانى توندوتیژى به‌رامبه‌ریان بتوانن به‌ئاسانى ده‌ستیان بگات به‌ داموده‌زگا و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بۆ داواكردنى مافه‌كانیان یاخود به‌لایه‌نى كه‌مه‌وه‌ بۆ رێگریكردن له‌ دوباره‌نه‌بونه‌وه‌ى ئه‌و توندوتیژیانه‌ى به‌رامبه‌ریان كراوه‌.

وتيشى: "ئه‌وه‌نده‌ى ئێمه‌ تێبینیمان كردبێت به‌هه‌مان شێوه‌ رێكخراوه‌كانى بوارى ژنانیش له‌ ئاستى پێویستدا نه‌بوون بۆ كاركردن له‌ بوارى هۆشیاركردنه‌وه‌ى ژنان و نیشاندانى ئه‌و رێگایانه‌ى كه‌ ژنان بتوانن ژیانێكى شكۆمه‌ندانه‌ و دور له‌ توندوتیژى بگوزه‌رێنن، هه‌رچه‌نده‌ كه‌م تا زۆر لێره‌ و له‌وێ هه‌ندێك رێكخراو كاریان كردووه‌ به‌ڵام له‌ ئاست داخوازى و پێداویستیه‌كانى ژناندا نه‌بوون".

ئه‌و توێژه‌ره‌ ده‌رونییه‌ ئه‌وه‌شى وه‌بیرهێنایه‌وه‌: ئه‌نجامدانى توندوتیژى دژ به‌ ژنان له‌ رووى ده‌رونییه‌وه‌ كاریگه‌رى خراپ به‌جێده‌هیڵێت له‌سه‌ر ئه‌و منداڵانه‌ى كه‌ دایكه‌كه‌یان توندوتیژى به‌رامبه‌ر كراوه‌، هه‌رئه‌وه‌ش واده‌كات نه‌وه‌یه‌كى توندتیژیش چاوه‌ڕێى كۆمه‌ڵگا بکات و دواجار ده‌بێت كۆمه‌ڵگا باجه‌كه‌ى بدات، بۆیه‌ به‌شێوه‌یه‌كى گشتى بارودۆخى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌ هه‌رێمى كوردستان رێگا خۆشكه‌ربووه‌ بۆ زیادبوونى توندوتیژییه‌كان دژ به‌ ژنان.

هاوکات رائید بورهان ئه‌حمه‌د، لێپرسراوى نوسینگه‌ى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتیژى دژ به‌ ژنان له‌ سنورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ و قه‌زاكانى سه‌یدسادق و شاره‌زوور و پێنجوێن، به‌دواڕۆژى راگه‌یاند: به‌هۆى به‌رده‌وامى ئه‌و گرفته‌ سیاسى و ئابورى و كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ى كه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌گوزه‌رێن حاڵه‌ته‌كانى توندوتیژى دژ به‌ ژنان له‌ سنوره‌كه‌دا روویان له‌ زیادبوون كردووه‌ به‌ به‌راورد به‌ ساڵى رابردوو.

ئەوەشی خستەڕوو: له‌ سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵه‌وه‌، تاكۆتایی مانگى ئه‌یلول له‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ قه‌زاى سه‌یدسادق و شاره‌زوور و پێنجوێن، نزیكه‌ى 170 حاڵه‌تى توندوتیژى دژ به‌ ژنان تۆماركراون، به‌ جۆرێك له‌ قه‌زاى سه‌یدسادق 59 حاڵه‌ت و قه‌زاى شاره‌زوو 43 حاڵه‌ت و قه‌زاى پێنجوێن 35 حاڵه‌ت و پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ش 30 حاڵه‌تى توندوتیژى دژ به‌ ژنان تۆماركراون، به‌ به‌راورد به‌ هەمان ماوەی ساڵى رابردوو رێژه‌كه‌ له‌سەدا 24 زیادی کردووە.

رائید بورهان باسی لەوەشکرد: له‌ لێكۆڵنه‌وه‌كانى زۆربه‌ى دۆسییه‌كاندا بۆمان ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ سه‌رچاوه‌ى گرفته‌كانى نێوان خێزانه‌كان زۆر جار بۆ لێكتێنه‌گه‌یشتنى نێوان هاوسه‌ره‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ به‌جۆرێك له‌سه‌ره‌تادا كێشه‌یه‌كى بچوكییان هه‌یه‌ به‌ڵام دواتر به‌هۆى درێژه‌كێشانى ئه‌م كێشه‌یه‌وه‌، گرفتێكى گه‌وره‌تر دێته‌ ئاراوه‌ تا كارده‌گاته‌ كوشتن یان خۆكوشتن یاخود ئه‌نجامدانى توندوتیژى به‌رامبه‌ر به‌ یه‌كترى.

داڕشتنەوە: ن. ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure