"زبڵێکی زۆر لەناو ناحیەیەکدا کۆبووه‌تەوە"

هەواڵ / کوردستان :: 16/11/2018‌ :: 826‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، محەمەد مستەفا
بەهۆی کەمکردنەوەی مووچەکانیان لەلایەن کۆمپانیاکەیانەوە، ژینگەپارێزانی ناحیەی حاجیاوای قەزای ڕانیە، مانیان لە کارکردن گرتووە، بەڕێوبەری ناحیەکەش دەڵێت: "زبڵێکی زۆر لەناو بازاڕ و ڕێگاکانی دەرەوەی ناحیەکە کۆبووه‌تەوە".


ئەزوەر جەعفەر، بەڕێوبەری ناحیەی حاجیاوا بەدواڕۆژی راگەیاند: "دوای بڕیاری کەمکردنەوەی مووچەکانیان لەلایەن کۆمپانیاکەیانەوە (کۆمپانیای گارێکس) کە خزمەتگوزاری پاكکردنەوە لە دەڤەری ڕاپەڕین ئەنجامدەدات، ماوەی چەند ڕۆژێکە ژینگەپارێزانی سنورەکە جارێک خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە، لە نوێترین هەڵوێستیشیاندا ماوەی سێ رۆژە ژینگەپارێزانی ناحیەی حاجیاوا مانیان لە کارەکردن گرتووه‌".

وتیشی: "بەهۆی مانگرتنی ئەو ژینگەپارێزانەوە لە ئێستادا زبڵێکی زۆر لەناو بازاڕی ناحیەکە و رێگاكانی دەرەوەی ناحیەکە کۆبووەتەوە، لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئەو مانگرتنە، ئەوا ناحیەکە کە گەورترین ناحیەی هەرێمی کوردستانە لە رووی ژمارەی دانیشتوانەوە، رووبەڕووی کارەساتی ژینگەی دەبێتەوە".

باسی لەوەشکرد: کۆمپانیاکە کرێی مووچەی مانگانەی ئەو ژینگەپارێزانەی لە 400 هەزار دینارەوە بۆ 250 هەزار دینار كه‌مكردووه‌ته‌وه‌، بەڵام دوای گفتوگۆی کێشەکە، بڕیاریدا مووچەکەیان بۆ زیاد بکرێت بۆ نزیکەی 360 هەزار دینار و 50 هەزار دیناریش وەک بیمەی کار لە مووچەکەیان ببڕدرێت، واتا مانگانە نزیکەی 300 هەزاریان پێبدرێت.

ئەزوەر جەعفەر، رونیشیکردەوە: بەڵام ژینگەپارێزان دژی ئەو بڕیارەن و داوادەکەن مووچەکانیان وەک پێشتری لێبکرێتەوە، لە ئێستاشدا ئەوان لەگەڵ ئیدارەی راپەڕین لەهەوڵی چارەسەری ئەو کێشەیەدان.

پێداچوونه‌وه‌: سیروان محه‌مه‌د



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە