بۆ كەمكردنەوەی دیاردەی چەكداریی دوو پێشنیار دەکرێت

هەواڵ / کوردستان :: 16/11/2018‌ :: 673‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
دەستەی سەربەخۆی مافه‌كانی مرۆڤ بۆ كەمكردنەوەی دیاردەی چەكداریی كۆنفرانسێكی نیشتمانی دەبەستن و دوو پێشنیاریش دەدەنە پەرلەمان و حكومەتی نوێی هەرێم.


محەمەد گۆمەشینی، وتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافه‌كانی مرۆڤ بە دواڕۆژی راگەیاند: سەبارەت بەدیاردەی كوشتن و خۆكوشتن و كەمكردنەوەی دیارده‌ى چەكداری، هۆكار زۆرن، لەوانە ناسەقامگیری سیاسی و قەیرانی دارایی كە بەهۆیانەوە دۆخی كۆمەڵایەتی و دەروونی خەڵك شڵەژاو بووە، پاشان شەڕی داعش و قوربانیدانی هێزەكانی پێشمەرگە.

ناوبراو وتی: "ئێمە بۆیە زۆر تیشكمان لەسەر چەكە، به‌هۆى ئەوەیه‌ كه‌ یەكێكە لەدیاردەكان، چونكە ئەگەر چەك لەماڵ نەبێت و كێشەش رووبدات، رەنگە پەنا بۆ شتی دیكە ببرێت كه‌ هیچیان وەك چەك نییە".

گۆمەشینی روونیكردەوە، بۆ كەمكردنەوەی دیاردەی چەكداری، پێشنیارمان ئەوەیە حكومەتی نوێی هەرێم پێداچوونەوە بە رێنماییەكانی پێدانی مۆڵەتی چەك بكات، پەرلەمانی نوێش هەمواری یاسای ژمارە 16ی ساڵی 1993ی چەك بكاتەوە.

وتەبێژی دەستەی مافی مرۆڤ ئاشكرایكرد، ئێستا خەریكی ئامادەكارین بۆ كۆنفرانسێكی نیشتمانی لەسەرتاسەری كوردستان، چونكە كێشەكە هەر دیاردەی چەك نییە، بەڵكو كێشەكە بوونی ئۆتۆمبێلی سەربازی و خەڵكی چەكدارە كە دەبێت كۆنترۆڵ بكرێن.

هەروەها وتیشی: "لەناوشار جگە لە پۆلیس و ئاسایش پێویست ناكات خەڵكی دیكە بەچەكەوە ببینرێن، بەڵام دەیان ئۆتۆمبێلی سەربازی لەنێو شارەکاندان كە بەڕێنمایی قەدەغەیە".

پێداچوونه‌وه‌: سیروان محه‌مه‌د



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure