زوكربیرگ گورزێك له‌ "ئه‌پڵ" ده‌وه‌شێنێت

هەواڵ / جیهان :: 16/11/2018‌ :: 180‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
كیبڕكێى نێوان گه‌وره‌ كۆمپانیاكان به‌رده‌وامه‌ و به‌ كارێكى ئاسایی له‌ دنیاى كار و بزنس داده‌نرێت، ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌ى یه‌كتر له‌ بازاڕ دووربخه‌نه‌وه‌، له‌وچوارچێوه‌یه‌دا به‌ڕێوه‌به‌رى كۆمپانیاى فه‌یسبوك، داواى له‌ ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى به‌ڕێوه‌بردنى كۆمپانیاكه‌ى كردوه‌، مۆبایلێك به‌كاربهێنن كه‌ به‌سیستمى "ئه‌ندرۆید" كارده‌كات، به‌وپێیه‌ى به‌كارهێنه‌رانى زۆر بووه‌ له‌ جیهاندا. 


رۆژنامه‌ى نیویۆرك تایمز بڵاویكردەوه‌، بڕیاره‌كه‌ى فه‌یسبوك دواى ئه‌وه‌ هات، كه‌ تیم كوك به‌ڕێوه‌به‌رى جێبه‌جێكارى كۆمپانیاى ئه‌پل، له‌ دیدارێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵى "ئێم سى ئێن بى سى" ره‌خنه‌ى له‌ كۆمپانیاى فه‌یسبوك گرت، به‌وه‌ى تایبه‌تمه‌ندییه‌كانى به‌كارهێنه‌رانى پێشێلده‌كات، له‌ كاتێكدا ئه‌پل وه‌ك مافێكى مرۆڤ، سه‌یرى تایبه‌تمه‌ندییه‌كانى كه‌سه‌كان ده‌كات.

ئامێره‌كانى مۆبایل كه‌ به‌سیستمى ئه‌ندرۆید كارده‌كه‌ن، به‌شێوه‌یه‌كى به‌ربڵاو به‌كارده‌هێنرێت، به‌تایبه‌تى له‌ ئه‌مریكا باشور، ئه‌وروپا، روسیا، باكۆرى ئاسیا و خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، ئه‌و بڕیاره‌ش له‌ رووى بازرگانییه‌وه‌ به‌ باش ده‌دانرێت، به‌وپێیه‌ى كۆمپانیاى سناپ چاتیش، هانى فه‌رامانبه‌رانى داوه‌، كه‌ مۆبایلى ئه‌ندرۆید به‌كاربهێنن.

به‌وته‌ى سایتى "ژى فیرج" لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌ریانخستووه‌ زۆربه‌ى كارمه‌ندانى ئیداره‌ى زوكربیرگ و به‌شه‌كانى دیكه‌ی فه‌یسبوك، وه‌ك دیفید كلاوس و ئه‌ندرو بوزویرس ئایفۆن به‌كارده‌هێنن و بڕیاره‌كه‌ى زوكربێرگیش به‌ته‌واوى جێبه‌جێ نه‌كراوه‌. 

ئا: سیروان  محه‌مه‌د 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure