وه‌زاره‌تی خه‌زێنه‌ی ئه‌مریكا 17 كاربه‌ده‌ستی سعوییه‌ سزا ده‌دات

هەواڵ / جیهان :: 15/11/2018‌ :: 235‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 15ى تشرینى دووه‌م، وه‌زاره‌تی خه‌زێنه‌ (دارایی)ی ئه‌مریكا بڕیاریدا سزای 17 كاربه‌ده‌ستی سعودی بدات كه‌ گومانیان لێده‌كرێت، له‌ كه‌یسى كوشتنى جه‌مال خاشقچى، ڕۆژنامه‌نوسى سعودیی-یه‌وه‌ تێوه‌گلابن.


له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ ئه‌مڕۆ وه‌زاره‌تى خه‌زێنه‌ى ئه‌مریكا بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ هاتووه‌ :"ئه‌و 17 كاربه‌ده‌سته‌ی سعودیه‌ به‌هۆى گومانى تێوه‌گلانیان له‌ كه‌یسى كوشتنى جه‌مال خاشقچى، هه‌موو موڵك و سامانێكیان  له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى خه‌زێنه‌ی ئه‌مریكا-وه‌ ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گیرێت. هه‌روه‌ها  ئه‌مریكا ڕێگری له‌ هه‌ر بازرگانێكی ئه‌مریكی ده‌كات بازرگانی له‌گه‌ڵ ئه‌و 17 كاربه‌ده‌سته‌ سعودیه‌ بكه‌ن".

به‌پێى سه‌رچاوه‌كانى هه‌واڵ، یه‌كێك له‌و 17 كاربه‌ده‌سته‌ له‌ محه‌مه‌د بن سه‌لمان، شازاده‌ى جێنشینى سعودیه‌-ه‌وه‌ زۆر نزیكه‌.

هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌ لێپرسراوانی ئه‌مریكا ڕایانگه‌یاندووه‌ :"لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی ته‌واو له‌سه‌ر حكومه‌تی سعودیه‌ ئه‌نجامده‌ده‌ن به‌مه‌به‌ستى ده‌ستكه‌وتنى زانیارى له‌سه‌ر كوژرانی جه‌مال خاشقچ".

له‌دواى داننان به‌ كوشتنى جه‌مال خاشقچى، ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی سعودیه‌ 21 كه‌سیان ده‌ستگیركردووه‌ به‌ هۆكارى تێوه‌گلان له‌ كه‌یسه‌كه‌، پێشبینیش ده‌كرێت داواكاری گشتی سعودیه فەرمانی له‌ سێداره‌دانی بۆ پێنج كه‌س ده‌ربكات له‌و 21 كه‌سه‌ى كه‌ ده‌ستگیركراون. 

و:كێوان
پ:ئا.ح



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure