دادگاى عێراق لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ فه‌وتانى 7 ملیار دیناره‌كه‌ ده‌كات

هەواڵ / ئابوری :: 15/11/2018‌ :: 629‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌غدا
وته‌بێژى ئه‌نجومه‌نى باڵاى دادوه‌رى رایده‌گه‌یه‌نێت: سه‌باره‌ت به‌ له‌ناوچوونى 7 ملیار دیناره‌كه‌ دادگاى ره‌سافه‌ ده‌ستى به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ كردووه‌.


عه‌بدولستار به‌یره‌قدار، وته‌بێژى فه‌رمى ئه‌نجومه‌نى باڵاى دادوه‌رى عێراق ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 15ى تشرینى دووه‌مى 2018 له‌ به‌یاننامه‌یه‌كى كورتدا، كه‌ وێنه‌یه‌كى بۆ دواڕۆژ هاتووه‌، رایگه‌یاند: "داگاى لێكۆڵینه‌وه‌ى ره‌سافه‌ ده‌ستى كردووه‌ به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ پرسى نقومبوونى حه‌وت ملیار دیناره‌كه‌".

ئاماژه‌شیدا: "هه‌ر كه‌سێك بوبێته‌ هۆكارى به‌فیڕۆچوونى دارایى بانكى ناوه‌ندى، رێوشوێنى یاسایى له‌به‌رامبه‌رى ده‌گیرێته‌به‌ر، لێپرسینه‌وه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ش ده‌كرێت كه‌ به‌شدارییان له‌ ئه‌نجامدانى ئه‌و تاوانه‌ كردووه‌".

له‌ 12ى ئه‌م مانگه‌ عه‌لى عه‌لاق، پارێزگارى بانكى ناوه‌ندى عێراق له‌چوارچێوه‌ى بانگهێشتكردنى بۆ په‌رله‌مان رایگه‌یاند: بڕى حه‌وت ملیار دینار پاره‌ له‌ گه‌نجینه‌كانى بانكى رافیده‌ین به‌هۆى ئاوى باران ته‌ڕبوون و به‌ڕێژه‌ى 100% خراپ بووه‌.

ئه‌و وتانه‌ى عه‌لاق له‌ په‌رله‌مان كاردانه‌وه‌ى جیاجیاى لێكه‌وته‌وه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌یان ده‌كرد له‌و پرسه‌ و ئاشكراكردنى راستیه‌كان بۆ راى گشتى و به‌سزاگه‌یاندنى ئه‌و كه‌سانه‌ى بونه‌ته‌ هۆكار.

پێداچوونه‌وه‌: سیروان محه‌مه‌د



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure