پۆلیسى سلێمانى لێدوانى به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسى هه‌ولێر ره‌تده‌كاته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 15/11/2018‌ :: 328‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسى سلێمانى رایده‌گه‌یه‌نێت: به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسى هه‌ولێر ناحه‌قیه‌كى گه‌وره‌ به‌رامبه‌رمان كرد و ده‌شڵێت: له‌ 739 تاوانبار كه‌ فه‌رمانى ده‌ستگیركردنیان هه‌بووه‌ 740-یان ده‌ستگیراون.

عه‌مید ئاسۆ ته‌ها، به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسى سلێمانى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 15ى تشرینى دووه‌م، له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: ئه‌مڕۆ به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسى هه‌ولێر له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆنامه‌وانیدا ناحه‌قیه‌كى گه‌وره‌ى به‌رامبه‌ر پۆلیسى كرد، كه‌ ئێمه‌ چاوه‌ڕانى ئه‌وه‌مان نه‌ده‌كرد.

وتیشى: "ئێمه‌ جیاوازى له‌ نێوان سلێمانى و هه‌ولێر ناكه‌ین و به‌ ئه‌ركى خۆمانى ده‌زانین كه‌ بیانپارێزین" ئه‌وه‌شى وت: "لێره‌ش 114 تاوانبار بۆ هه‌ولێر هه‌ڵهاتوون".

له‌كاتێكى پێشترى ئه‌مڕۆدا عه‌بدولخالق ته‌لعه‌ت، به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی هه‌ولێر له‌ كۆنفراسێكى رۆژنامه‌وانیدا وتى: به‌داخه‌وه‌ هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان پۆلیسی هه‌ولێر و سلێمانی نییه‌ و "هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی سلێمانی ئاماده‌نین كۆمه‌ڵێك تۆمه‌تبار هه‌یه‌ راده‌ستمان بكه‌نه‌وه‌".

به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسى سلێمانى جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وان هه‌میشه‌ هاوكارى پۆلیسى هه‌ولێر بوون و چه‌ندین تاوانباریان ده‌ستگیركردوه‌ راده‌ستى ئه‌وانیان كردون.

عه‌مید ئاسۆ ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكرد: "له‌م ماوه‌یه‌دا له‌ 749 تاوانبارى هه‌ڵهاتوو 640 كه‌سیان ده‌ستگیركراون و ته‌نیا 39 كه‌سیان ماون".

ئا: سیروان محه‌مه‌د



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure