كۆمه‌ڵ ره‌تیده‌كاته‌وه‌ "گفتوگۆى نهێنى" له‌گه‌ڵ پارتى کردبێت

هەواڵ / کوردستان :: 15/11/2018‌ :: 148‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
كۆمه‌ڵى ئیسلامى كوردستان ره‌تیده‌كاته‌وه‌ بۆ پێكهێنانى حكومه‌تى نوێى هه‌رێم له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانى گفتوگۆى نهێنى-یان كردبێت و به‌ڵێنی پێدانى پۆستیان پێدرابێت.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 15ى تشرینى دووه‌م، له‌ هه‌ندێك كه‌ناڵى راگه‌یاندنى هه‌رێم هه‌واڵى "گفتوگۆى نهێنى" كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌گه‌ڵ پارتی سه‌باره‌ت به‌ به‌شداریان له‌ حكومه‌ت و وه‌رگرتنی پۆستى باڵا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.

له‌وباره‌یه‌وه‌ عه‌بدولستار مه‌جید، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سیاسى كۆمه‌ڵى ئیسلامى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: لێرەوە سەرلەبەری ئەو هەواڵە ڕەتدەکەینەوەو زانیارییەکان ناڕاستن و دەبوو ئەو بەڕێزانە بۆ پاراستنی "مسداقیەتی سەحەفی" خۆیان پەیوەندیان پێوە بکردمایە تا زانیاری ڕاست و دروستیان بدەمێ، نەک ئەو هەڵەیە بەسەریاندا تێپەڕببێت.

وتیشى: "بۆ رای گشتی ئاشکرادەکەین کە کۆمەڵ هیچ کەناڵ و لینکێکی نهێنی و شاراوە و هیچ مامەڵەیەکی ژێربەژێری نییە، ئەوەی هەبێ و هەبووە بۆ خەڵکمان ئاشکراکردووە".

له‌باره‌ى بڕیارى كۆمه‌ڵ بۆ به‌شداریكردن له‌ كابینه‌ى نوێی حكومه‌تى هه‌رێم، عه‌بدولستار مه‌جید وتى: "ئامانجی ئێمە لەبەشداریکردن یان نەکردنی حکومەت خزمەتکردنی خەڵکە، هەرکات زانیمان ئەو ئامانجە دێتەدی بە ئۆپۆزسیۆنبوونمان بێ یان بەشداری لە حکومەت، ئەوا دوو دڵ نابین و بە خەڵکی کوردستانی دەڵێین، به‌ڵام تائێستا هیچ بڕیارێك نه‌دراوه‌ كه‌ ئایا ده‌بینه‌ ئۆپۆزسیۆن یاخود به‌شدارى له‌ حكومه‌ت ده‌كه‌ین".

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure