دواین زانیاری لەسەر ئەو سێ هاووڵاتییەی بە بۆردومانی تورکیا شەهیدبوون

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 16/11/2018‌ :: 723‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رەڤەند گوھەرزی
بۆردومانێكى فڕۆكه‌كانى توركیا سێ هاووڵاتى ده‌ڤه‌رى ئامێدى ده‌كاته‌ قوربانى كه‌ دوانیان پێشمه‌رگه‌ بوون.

دوێنێ پێنجشەممە 14ی تشرینی دووەمی 2018 سێ ھاووڵاتی لەگوندی ئەرەدنای سەر بە ناحیەی بامەڕنێ لە سنوری قەزای ئامێدی چوونەتە گوندی ئەرەدنای کۆن، به‌ڵام له‌لایه‌ن فڕۆكه‌كانى توركیاوه‌ بۆردومان كران و شەهید بوون.

عیماد یونس، کەسوکاری ئەو قوربانیانه‌ به‌ دواڕۆژى وت: "پێشنیوەڕۆی دوێنێ سێ ھاووڵاتی خەڵکی گوندی ئەرەدنای سەر بە ناحیەی بامەڕنێ چوونەتە گونده‌كه‌یان كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناوچەی کانی بوتێی سەر بە قەزای ئامێدی کە ھەرسێکیان ھەنگەوانن و لە گوندی ئەرەدنای کۆن ھەنگ بەخێو دەکەن.

ئەوەشی وت: "دوای گەیشتنیان بۆ گونده‌كه‌، لەلایەن فڕۆکە ھەواڵگرییەکانی تورکیاوە چاودێرى كراون و دواتر له‌ کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆ کراونەتە ئامانج و ھەرسێکیان شەھید بوون".

ئاماژەی بەوەشکرد: یەکێکیان کادیره‌ لە سنوری لقی یەکی پارتی و دوانه‌كه‌ى تریش پێشمەرگەی خانەنشینکراون لە ھێزی لەشکری تایبەتی دووی ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و ھەرسێکیشیان خێزاندارن.

بە وتەی عیماد، پێشنیوەڕۆی دوێنێ تەرمی ھەرسێکیان لەلایەن کەسوکاریانەوە ھێنراونەتەوەو نێژراون.

هاوكات تۆفان ژێھات، بەرپرسی راگەیاندن و چاپەمەنی ھێزەکانی پاراستنی گەل (ھەپەگە) بە دواڕۆژی راگەیاند: بەھۆی بۆردومانی ھێزە ئاسمانییەکانی تورکیا سێ ھاووڵاتی مەدەنی لە ناوچەی کانی بوتێ شەھیدبوون کە بۆ ئیشوکاری رۆژانەی خۆیان چوووبوون بۆ ئەو شوێنە.

وتیشی: "ئامانجی تورکیا ئەوەیە لە بەرامبەر گەریلادا بە تەکنیکی شەڕ قازانج بکەن، بەڵام ناتوانن، ئەوەی ئێستا لە بەرامبەر ئێمە دەکرێت، شەڕێکی بە پلان و سیستمە، گەلی کورد ھەمووی بۆ تورکیا دوژمنە و وەکو یەک سەیریان دەکات و ئامانجی تورکیا لە ناوبردن و قڕکردنی گەلەکەمانە".

بەپێی زانیارییەکان لە 20ی ئەیلولی 2017وە تا ئەمڕۆ 15ی تشرینی دووەی 2018، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا زیاتر لە  98 جار و تۆپخانەکانیشیان زیاتر لە 87 جار سنوری دەڤەری ئامێدییان بۆردومان کردووەو بەوھۆیەوە 17 ھاووڵاتی شەھید بوون و شەشی دیکەش برینداربوون، لەوانە 13 کەس خەڵکی ناحیەی شێلادزێ و سیانی تریش خەڵکی ناحیەی دێرەلۆک و سیانی دیکەش لە سنوری ناحیەی سەرسەنگ بوون و چواریش لە سنوری ناحیەی کانی ماسێ و سەنتەری قەزای ئامێدی بوون.

پێداچوونەوە: چالاک عومەر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure