بەفر چەند ناوچەیەكی هەرێم دەگرێتەوە و لەسلێمانی و گەرمیان كەشوهەوا جیاواز دەبێت

هەواڵ / کوردستان :: 14/11/2018‌ :: 9091‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەهار
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی هەرێم رێژەی بارانبارنی ئەمساڵی لەسەرجەم پارێزگاكانی هەرێم راگەیاند و بەڕێوەبەری گشتی كەشناسی هەرێم دەڵێت: "جگە لەو دوو شەپۆلەی لەمشەوەوە دەستپێدەكات، كەشوهەوای هەرێم تاوەكو كۆتایی ئەم مانگە ناسەقامیگر دەبێت".

 

فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم بە دواڕۆژی راگەیاند: چاوەڕێدەكرێت لەمشەوەوە بارانبارین دەستپێبكاتەوە و سەرەتا بارانەكە لەبەشی رۆژئاوای هەرێم دەستپێدەكات بۆ درەنگانی شەوی پێنجشەممە سەرجەم ناوچەكانی هەرێم دەگرێتەوە، هەروەها رۆژی پێنجشەممە بەردەوامی دەبێت و پلەكانی گەرما سێ‌ تاوەكو چوار پلە دادەبەزێت.

 

وتیشی: "پێشبیندەكرێت لە ناوچە شاخاوییەكانی حاجی ئۆمەران تا دەگاتە سنووری ناوچە شاخاوییەكانی سنووری راپەڕین بەفر ببارێت، هاوكات لە ناوچەكانی دیكەش باران دەبارێت تاوەكو رۆژی هەینی بەردەوامدەبێت، دواتر دوو تاوەكو سێ‌ رۆژ بارانبارین دەوەستێت دواتر دووبارە لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو لە رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەوە دەستپێدەكاتەوە".

 

فازڵ ئیبراهیم ئاماژەی بەوەشكرد:  لە ئیدارەی گەرمیان و سنووری پارێزگای سلێمانی تاوەكو خانەقین و مەندەلی بارانی زۆر دەبارێت و بەگشتی تاوەكو كۆتایی ئەم مانگە كەشوهەوای هەرێم ناسەقامیگردەبێت.

 

لەبارەی رێژەی بارانبارینی پارێزگاكان، بەڕێوەبەری كەشناسی هەرێم وتی: "بە بەراورد بە پارساڵ رێژەیەكی زۆر باران باریوە ئەمەش نیشانەی دڵخۆشكەرە، چونكە پارساڵ لە هەولێر تەنیا 10 ملم باران باریبوو، بەڵام ئەمساڵ 82،5 ملم باران باریوە، هەروەها ئەمساڵ لە سلێمانی 135،8 ملم باران باریوە کە پارساڵ تەنیا 38 ملم باران باریبوو، لە دهۆك تائێستا 96 ملم باران باریوە، بەڵام پارساڵ 14 ملم باران باریبوو، لە كەركوكیش ئەمساڵ 74 ملم باران باریوە و پارساڵ تەنیا 1،2 ملم باران باریبوو تا ئەمڕۆ، لە هەڵەبجەش پارساڵ 1 ملم باران باریبوو، بەڵام ئەمساڵ 81 ملم باران باریوە".

پێداچوونەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure