توشبووانی نه‌خۆشی شه‌كره‌ له‌ هه‌رێم روو له‌ زیادبوونن

هەواڵ / کوردستان :: 14/11/2018‌ :: 448‌ جار بینراوە
14ی تشرینی دووه‌م، رۆژی جیهانی نه‌خۆشی شه‌كره‌یه‌ فۆتۆ: حه‌مه‌سور

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر
به‌راورد به‌ ساڵی پار رێژه‌ی تووشبووانی نه‌خۆشی شه‌كره‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان رووی له‌ زیادبوون كردووه‌ و به‌پێى ئامارێك له‌ماوه‌ی پێنج مانگی ئه‌مساڵدا زیاتر له‌ 70 هه‌زار كه‌س وه‌ك نه‌خۆشی شه‌كره‌ تۆماركراون.


ساڵانه‌ له‌ 14ی تشرینی دووه‌م، یادی رۆژی جیهانی نه‌خۆشی شه‌كره‌ ده‌كرێته‌وه‌ و له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌م یاده‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌كرێته‌وه‌.

به‌پێی ئامارێكی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌ ده‌ستی دواڕۆژ كه‌وتووه‌ له‌ پێنج مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵدا كۆی گشتی ئه‌و كه‌سانه‌ی نه‌خۆشی شه‌كره‌یان هه‌بووه‌ بریتی بووه‌ له‌ 70 هه‌زار و 38 كه‌س، به‌جۆرێك له‌ پارێزگای هه‌ولێر 18 هه‌زار و 397، له‌ پارێزگای سلێمانی 27 هه‌زار و 832، له‌ پارێزگای دهۆك 23 هه‌زارو 809 كه‌س.

ئاماری ئه‌م پێنج مانگه‌ی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ له‌ ته‌واوی ساڵی 2017دا ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی نه‌خۆشی شه‌كره‌یان هه‌بووه‌ بریتی بووه‌ له‌ 144 هه‌زار و 849 كه‌س كه‌ به‌مشێوه‌یه‌ به‌سه‌ر پارێزگاكاندا دابه‌شبوون، هه‌ولێر 47 هه‌زار و 535، سلێمانی 50 هه‌زار و 934، دهۆك 46هه‌زار و 380 كه‌س.

خالس قادر، وته‌بێژ و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دیوان له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێم به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: هه‌رچه‌نده‌ تاوه‌كو ئێستا ئاماری ئه‌و 10 مانگه‌ی تێپه‌ڕیوه‌ له‌مساڵدا له‌به‌رده‌ست نییه‌، به‌ڵام به‌راورد به‌ ساڵی پار ژماره‌ی تووشبووانی نه‌خۆشی شه‌كره‌ به‌ رێژه‌یه‌كی كه‌م زیادیكردووه‌.

وتیشی: "به‌راورد به‌ جیهان رێژه‌ی نه‌خۆشی شه‌كره‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ ئاستێكی نزمدایه‌". 

پێداچوونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure