ئۆپیك: ئه‌گه‌ر زۆره‌ رووداوى داڕمانى نرخى نه‌وت دووباره‌ بێته‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: 14/11/2018‌ :: 297‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
رێكخراوى "ئۆپیك" هۆشدارى ئه‌وه‌یدا، كه‌ ئه‌گه‌ر گه‌شه‌ى ئابوورى جیهانى سست بێت و به‌رهه‌مهێنه‌رانى نه‌وتیش به‌شێوه‌یه‌كى خێراتر كێبڕكێ بكه‌ن بۆ خستنه‌بازاڕى نه‌وت، پێشبینى ده‌كرێت ساڵى 2019 خستنه‌بازاڕى نه‌وت زۆربێته‌وه‌ و كڕیار كه‌مبێته‌وه‌، ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌هۆى داڕمانى نرخه‌كان.


له‌ نوێترین راپۆرتى مانگانه‌ى خۆیدا، رێكخراوى "ئۆپێك" پێشبینیكردووه‌ ساڵى داهاتوو  خواست له‌سه‌ر كڕینى نه‌وت رۆژانه‌ 1.29 ملیۆن زیاد بكات، كه‌ 70 هه‌زار به‌رمیل كه‌متره‌ له‌ پێشبینیكردنى راپۆرتى مانگى رابردوو.

ئۆپێك، كه‌ باره‌گاكه‌ى له‌ ڤیه‌ننایه‌ ده‌ڵێت: "خستنه‌بازاڕى نه‌وت له‌ده‌ره‌وه‌ى "ئۆپێك" رۆژانه‌ 2.23 ملیۆن ده‌بێت، كه‌ 120 هه‌زار به‌رمیل زیاتر له‌ پێشبینیكردنى مانگى پێشووتر".

راپۆرته‌كه‌ى "ئۆپێك" رونیكردووه‌ته‌وه‌، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى له‌ ئێستادا جۆرێك له‌ هاوسه‌نگى له‌ بازاڕدا هه‌یه‌، به‌ڵام پێشبینى ده‌كرێت ئاستى زیادبوونى خستنه‌بازاڕى نه‌وت له‌ ده‌ره‌وه‌ى ئۆپێك زۆر زیاتر بێت له‌ خواستى كڕیاره‌كان، ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆى زیادبوونى نه‌وت له‌ بازاڕدا.

وڵاتانى ئۆپیك و به‌رهه‌مهێنه‌ره‌ سه‌ربه‌خۆكانى نه‌وت له‌ ته‌مووزى رابردوودا رێككه‌وتن بۆ دابینكردنى پێویستى بازاڕ به‌رهه‌مهێنان زیادبكه‌ن، كه‌ له‌ له‌ كانوونى دووه‌مى 2017 نرخه‌كان روو له‌ دابه‌زین بوو.  

له‌ ناوه‌ڕاستى ساڵى 2014 نرخه‌كانى نه‌وتى "برێنت" كتوپڕ دابه‌زى و به‌رمیلێك له‌ 110 دۆلار بۆ سنورى 30 دۆلار هاته‌خواره‌وه‌، له‌ 2016 به‌دواوه‌ش دووباره‌ رووى له‌به‌رزبوونه‌وه‌ كرد. 

ئا/ سیروان محه‌مه‌د



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure