شیوعی بەدوو مەرج هەماهەنگی لەگەڵ لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن دەكات

هەواڵ / کوردستان :: 14/11/2018‌ :: 253‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
سەركردەیەكی حیزبی شیوعی كوردستان رایدەگەیەنێت، هەر لایەنێكی سیاسی دژایەتی سیاسەتی ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان و دژایەتی تەسككردنەوەی ئازادییەكان و مافەكانی مرۆڤ بكات، ئامادەن هەماهەنگی لەگەڵ بكەن.


هیوا عومەر، ئەندامی سەركردایەتی حیزبی شیوعی كوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند: هەڵوێستی ئەوان بۆ كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم پێش ئەوەی هەڵوێستێكی سیاسی بێت، هەڵوێستێكی فیكرییە لەڕوانگەی فیكری چەپەوە و پێیانوایە ئەو بەرنامە سیاسی و ئابوورییەی حكومەتی هەرێم و نوخبەی حوكمڕان پەیڕەوی دەكەن لەچوارچێوەی سیاسەتی سەرمایەداری و لەژێر مەرجەكانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانكی نیودەوڵەتیدایه‌.

ناوبراو وتیشی: "بەتێگەیشتنی ئێمە و بەپێی داتاكان رۆژ لەدوای رۆژ رێژەی بێكاری لە كۆمەلگەدا زیاتر دەكات، بۆیە هەڵوێست و چەپبوونی ئێمە لەچوارچێوەی پڕۆژەیەكی سیاسی فیكرییە، دوور لە ئۆپۆزسیۆنیكی راستڕەو یان ئیسلامی پۆپۆلیستی كە لەماوەی  رابردوو لە كوردستان هەبووە، ئێمە ئۆپۆزسیۆنین لەچوارچێوەی بەرنامەی فیكری سیاسی حیزبی شیوعی كە لەچوارچێوەی میتۆدی فیكری ماركسییە".

تائێستا یەكگرتووی ئیسلامی و جوڵانەوەی نەوەی نوێ كە لە پەرلەمانی كوردستان كورسیان هەیە، ئۆپۆزسیۆنبوونی خۆیان راگەیاندووە، سەبارەت بەوەی ئامادەی هەماهەنگی و كاری هاوبەشن لەگەڵ ئەو دوو هێزە؟، هیوا عومەر دەڵێت: "ئێمە كاری هاوبەش لەسەر بنەمای بەرنامەی هاوبەش لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان دەكەین، هەر لایەنێك بەپێی بەرنامەكەی ئێمە دژایەتی سیاسەتی ئابووری حكومەتی هەرێم و دژایەتی تەسككردنەوەی ئازادییەكان و مافەكانی مرۆڤ بكات، ئامادەی هەماهەنگین".

حیزبی شیوعی كوردستان خاوەنی یەك كورسییە لەپەرلەمانی كوردستان و رۆژی سێشه‌ممه‌ 13ی تشرینی دووه‌می 2018 ئۆپۆزسیۆنبوونی خۆیان راگەیاند.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure