هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر: بەشە نەوتی سلێمانی زیاد دەکرێت

هەواڵ / کوردستانی :: 13/11/2018‌ :: 19741‌ جار بینراوە
هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
پارێزگاری سلێمانی رایدەگەیەنێت: حکومەتی عێراق بەشە نەوتی پارێزگای سلێمانی زیاددەکات، لەئێستاشدا سەرقاڵی دابەشکردنی نەوتی ئەو گەڕەکانەن کە وەریان نەگرتووە.


هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 13ى تشرینى دووه‌مى 2018 بە دواڕۆژی راگەیاند: دوای هەوڵێکی زۆر لەماوەی رابردوودا لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و سەرۆك كۆمار، توانیمان بەشە نەوتی دابینكراوی سلێمانی لەلایەن بەغداوە زیادبكەین، بەڵام ناتوانین وردەكارییەکەی ئاشکرابکەین.

وتیشی: "بەمنزیكانە دابەشکردنی نەوت لە مەڵبەندەكانی (9 و 10) لەشاری سلێمانی تەواو دەبێت، ناوچە ساردەكانیش وەک پێنجوێن و گەرمك و ناڵپارێز تەواو بوون، پاشان ناوچەكانی شارباژێڕ و ماوەت و ناوچە زیانلێكەوتووەكان بەهۆی لافاوەوە دابەش دەكەین".

هاوکات غالیب محەمەد، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق و سەرۆكی پێشووی لیژنەی وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ دواڕۆژی رونکردەوە: ئەو نەوتە ماوەی دوو ساڵە دێت بۆ سلێمانی بڕەكەی كەمە، بەڵام بەوردی نازانین چەندە، ماوەی سێ ساڵە یەك بەرمیل دابەشكراوە و سەرەتاش بۆ ناوچە ساردەكان بووە، بەڵام تائێستا بەشێك لە ئیدارەی گەرمیان ئەوەشیان پێنەدراوە.

داڕشتنەوە: رەحیم محەمەد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure