بودجه‌ش فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كانى كۆنه‌كرده‌وه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 13/11/2018‌ :: 267‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، محه‌مه‌د عه‌لى
ئه‌گه‌رچى به‌رده‌وام پرسى یه‌كلاكردنه‌وه‌ى بودجه‌ له‌لایه‌ك شه‌ڕه‌ ده‌ست و ناكۆكییه‌كان گه‌رم ده‌كات، به‌دیوێكى تریشدا به‌شێك له‌ ناكۆكه‌كان كۆده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام سه‌ره‌ڕاى چاره‌نوسسازییه‌كه‌ى هێشتا له‌م خوله‌ى په‌رله‌ماندا فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان له‌سه‌رى یه‌كده‌نگ نین.


ساڵانه‌ یه‌كێك له‌ پرسه‌ گه‌رم و گرنگه‌كانى ناو په‌رله‌مانى عێراق، پرسى بودجه‌ى گشتى فیدراڵى-یه‌، له‌نێویشیاندا یه‌كلاكردنه‌وه‌ى پشكى كوردستان له‌و بودجه‌یه‌.

له‌ئێستاشدا كه‌ پڕۆژه‌یاساى بودجه‌ى ساڵى داهاتوو له‌ په‌رله‌مان و كار بۆ خوێندنه‌وه‌ و په‌سه‌ندكردنى ده‌كرێت، كورد جیاواز له‌ سه‌رجه‌م خوله‌كانى پێشوو به‌ په‌رته‌وازه‌یى روبه‌ڕووى ده‌بێته‌وه‌.

به‌ڵام ناسر هه‌ركى، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عێراق له‌ فراكسیۆنى پارتى به‌ دواڕۆژى وت: "فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان له‌سه‌ر پرسى بودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان هه‌موومان یه‌ك ده‌نگین و هیچ كێشه‌یه‌ك له‌ نێوانماندا نییه‌".

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ماهه‌نگى فراكسیۆنى پارتى له‌گه‌ڵ ئه‌و لیژنه‌یه‌ى بۆ پرسى بودجه‌ له‌ دوو رۆژى رابردوودا سه‌ردانى به‌غداى كردووه‌، هه‌ركى وتى: "ئێمه‌ نوێنه‌رمان له‌گه‌ڵ ئه‌و لیژنه‌یه‌ دانیشتووه‌، هه‌موو تێبینییه‌كانى خۆشمان پێداون".

هاوكات ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید، په‌رله‌مانتارى كۆمه‌ڵى ئیسلامى به‌دواڕۆژى وت: "رۆڵى فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان له‌سه‌ر بودجه‌ وه‌ك ساڵانى پێشوو تێبینى خۆیان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن و گفتوگۆى بابه‌ته‌كه‌ ده‌كه‌ن، تا بشتوانن ئه‌وه‌ى كه‌ هه‌یانه‌ له‌ناو پرۆژه‌ یاساى بودجه‌دا جێگیرى بكه‌ن".

سه‌باره‌ت كاركردنى به‌ تیم و ده‌سته‌جه‌معى نێوان فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كاندا، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى كۆمه‌ڵ وتى: "جۆرێك له‌ رێككه‌وتن هه‌یه‌ له‌ ناو فراكسیۆنه‌كاندا، له‌ خولى پێشووشدا فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان له‌سه‌ر بودجه‌ ناكۆكى ئه‌وتۆیان نه‌بووه‌".

ئه‌حمه‌د حاجى ره‌شید وتیشى: "بڕواناكه‌م هاوڕایى و ته‌بابوون له‌سه‌ر بودجه‌ بتوانێت ببێته‌ هه‌وێنى دروستبوونى هاوپه‌یمان و یه‌كگرتنى فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان".

به‌ڵام رابون مه‌عروف، سه‌رۆكى فراكسیۆنى نه‌وه‌ى نوێ له‌ په‌رله‌مانى عێراق، وتى: "بڕوامان وایه‌ كه‌ یه‌كێتى و پارتى به‌شێكن له‌و كێشه‌كانه‌ى كه‌ ئه‌مڕۆ عێراق رووبه‌ڕووی بوەته‌وه‌، به‌شێك نین له‌ چاره‌سه‌ر، له‌به‌رئه‌وه‌ ئێمه‌ پێمانوایه‌ ناتوانین له‌گه‌ڵ یه‌كێتى و پارتى دانیشین و پێكه‌وه‌ كاربكه‌ین، بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و كێشانه‌ى ئه‌وان خۆیان هۆكاری بن".

روونیشیكرده‌وه‌: "بۆ پرسى بودجه‌ دیدگاى خۆمان هه‌یه‌، ئه‌و دیدانه‌شمان سه‌ربه‌خۆ بردۆته‌ پێشه‌وه‌ و ئیشى بۆ ده‌كه‌ین، هه‌وڵیش ده‌ده‌ین هەر كه‌سێك له‌و دیدانه‌ى ئێمه‌وه‌ نزیكه‌ پشتیوانیمان بكات".

وتیشى: "له‌ عێراقدا ئاڕاسته‌یه‌ك هه‌یه‌، كه‌ به‌راشكاوانه‌ دژى مافه‌كانى گه‌لى كوردن، ده‌ستور وه‌ك خۆى جێبه‌جێ ناكرێت، هه‌ربۆیه‌ش ئێمه‌ له‌ عێراقدا ئۆپۆزسیۆنین، به‌ڵام یه‌كێتى و پارتى چوونه‌ته‌ حكومه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانى هه‌رێمیش ده‌ستور جێبه‌جێناكه‌ن واته‌ له‌ هه‌ردوولاوه‌ كێشه‌ هه‌یه‌، یه‌كێتى و پارتى ئاماده‌نین دۆسیه‌ى داهاتى گومرك و نه‌وت و فڕۆكه‌خانه‌كان له‌گه‌ڵ حكومه‌تى فیدڕاڵى به‌رده‌ست بخه‌ن، بۆیه‌ كه‌موكورتییه‌ك له‌ هه‌ردوولاوه‌یه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ له‌ هه‌ردوولا ئۆپۆزسیۆنین".

جوان ئیحسان، سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كێتى له‌ په‌رله‌مانى عێراق، له‌باره‌ى پێكه‌وه‌كاركردنى فراكسیۆنه‌كان له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاساى بودجه‌ بۆ دواڕۆژ وتى: "فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان به‌یه‌كه‌وه‌ كارناكه‌ین، هه‌ر فراكسیۆنێك ده‌توانێت بۆخۆى كاربكات و باسى كاره‌كانى بكات، ئێمه‌ وه‌ك یه‌كێتى پێش ئه‌وه‌ى بودجه‌ بێته‌ په‌رله‌مان، پلانى خۆمان له‌به‌ر رۆشنایى ساڵانى رابردوودا داناوه، له‌سه‌ر داواى ئێمه‌ش كۆبوونه‌وه‌یه‌كى هاوبه‌شى فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كانمان  لاى جێگرى دووه‌مى سه‌رۆكى په‌رله‌مان‌ كرد".

ئیحسان ئه‌وه‌شى وت: "له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا جه‌ختمان له‌وه‌كرده‌وه‌، كه‌ كه‌سى یه‌كه‌مى حكومه‌تى هه‌رێم به‌رده‌وام له‌ په‌یوه‌ندى راسته‌وخۆدا بێت له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى حكومه‌تى فیدراڵ و وه‌زیرى داراییدا، تێبینى خۆمان له‌سه‌ر بودجه‌ داوه‌".

سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كێتى جه‌ختیشیكرده‌وه‌ كه‌ "له‌پرسى بودجه‌دا، ده‌بێت حكومه‌تى هه‌رێم له‌ ئاینده‌دا له‌ پێناو قوت و به‌رژه‌وه‌ندى خه‌ڵك ئه‌تیڤ و چالاكتر بێت".

سه‌باره‌ت به‌وه‌ كه‌ پرسى بودجه‌ ببێته‌ هه‌وێنى دروستكردنى هاوپه‌یمانێتى یان ماڵێكى كوردى له‌ به‌غدا، جوان ئیحسان نه‌یشارده‌وه‌: "ئه‌گه‌ر فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان خه‌ڵك هه‌ڵبژاردبێت و ئه‌وانیش خه‌مخۆرى خه‌ڵك بن، ده‌بێت هه‌موویان وابیر بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بۆ حزب ئیش ده‌كه‌ن و خه‌ڵكیان به‌خه‌یاڵدا نایه‌ت، كه‌واته‌ هه‌ریه‌كه‌یان له‌لایه‌كن، من ئه‌وه‌ له‌ یه‌كێـتى دا ده‌بینم بۆ یه‌كڕیزى ئیش بكات".

 پێداچوونه‌وه‌: سیروان محه‌مه‌د



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure