هه‌ڵمه‌تی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى چه‌ك ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 13/11/2018‌ :: 487‌ جار بینراوە

تاگ :: كوردستانى

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار
به‌هۆى زۆربوونى رووداوه‌كانى كوشتن له‌ هه‌ولێر و پارێزگاكانى دیكه‌، وه‌زاره‌تى ناوخۆى هه‌رێم هه‌ڵمه‌تێكى دیكه‌ بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى چه‌كى بێمۆڵه‌ت ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌، به‌رپرسێكى پارێزگاى هه‌ولێریش ده‌ڵێت: "مۆڵه‌ت به‌ هه‌موو كه‌سێك نادرێت".


لیوا بەختیار بابان، بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هەرێم به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: بۆ نه‌هێشتنى چه‌كى بێمۆڵه‌ت، هه‌ڵمه‌تى ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى چه‌كى بێمۆڵه‌تمان له‌هه‌موو پارێزگاكان ده‌ستپێكردۆته‌وه‌.

له‌باره‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ مۆڵه‌تى هه‌ڵگرتنى چه‌كیان پێدراوه‌، لیوا به‌ختیار وتى: "به‌داخه‌وه‌ به‌شێك له‌وانه‌ شایه‌نى ئه‌وه‌نین مۆڵه‌تی هه‌ڵگرتنى چه‌كیان هه‌بێت".

وتیشى: "له‌و هه‌ڵمه‌ته‌دا ده‌ستبه‌سه‌ر هه‌موو جۆره‌ چه‌كێكى بێمۆڵه‌تدا ده‌گیرێت، ئه‌و ده‌مانچانه‌ى كه‌ بێمۆڵه‌تن، دواى ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى ده‌درێته‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆ و هه‌ر چه‌كێكیش له‌ ده‌مانچه‌ گه‌وره‌تربێت، ئه‌وا ده‌درێته‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌، بۆ ئه‌وه‌ى رووداوه‌كانى كوشتن به‌هۆى چه‌كه‌وه‌ بنه‌بڕبكرێت".

هاوكات خالید كوره‌چى، به‌رپرسى ناوخۆ له‌ پارێزگاى هه‌ولێر به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: مه‌رجه‌كانى پێدانى مۆڵه‌تی چه‌ك زۆر قورسكراوه‌، ته‌نیا مۆڵه‌ت به‌ كه‌سانى بازرگان و یاخود ئه‌و كۆمپانیایانه‌ى كه‌ كارى گواستنه‌وه‌ى پاره‌ ده‌كه‌ن ده‌درێت، ئه‌ویش دواى وه‌رگرتنى ره‌زامه‌ندى وه‌زاره‌تى ناوخۆ.

به‌پێى ئامارێكى ده‌سته‌ى سه‌ربه‌خۆى مافى مرۆڤ له‌ هه‌رێمى كوردستان، زیاتر له‌ 65%ى رووداوه‌كانى كوشتن له‌ كوردستان به‌هۆى هه‌ڵگرتنى چه‌كه‌وه‌ بووه‌ له‌لایه‌ن هاووڵاتیانه‌وه‌، كه‌ به‌شێكیان مۆڵه‌تی هه‌ڵگرتنى چه‌كیان نه‌بووه‌.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure