كۆمەڵ چاوەڕێی دوو بژاردەیە

هەواڵ / کوردستان :: 13/11/2018‌ :: 204‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
سەركردەیەكی كۆمەڵی ئیسلامی رایدەگەیەنێت، بۆ بەشداربوونیان لەحكومەتی نوێی هەرێم یان ئۆپۆزسیۆنبوونیان چاوەڕێی لایەنی براوەن و دەڵێت "دەبێت بزانین بەشداری لایەنەكان تەنها رەمزی دەبێت یان بەڕاستی شەراكەتی راستەقینەیە".


فاروق عەلی، ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بەدواڕۆژی راگەیاند: چاوەڕێی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی پەرلەمان و لایەنی براوەن بۆ دانوستان تا بزانن بەرنامەیان چییە و شێوازی بەشداربوونی لایەنەكان چۆن دەبێت، ئایا بەشداربوونی لایەنەكان تەنها رەمزی دەبێت یان بەڕاستی شەراكەتی راستەقینە دەبێت.

ناوبراو وتی: "لایەنەكانی دەسەڵات ئەوەی كاتی بانگەشە رایانگەیاندووە كۆتایی بە قەیران دێت و قۆناغێكی نوێ دەستپێدەكات، یان ئەم حكومەتەش هەر كۆپی حكومەتەكانی رابردوو دەبێت، كۆمەڵ ئەوانە دەخاتە بەرچاوی خۆی، ئەو حاڵەتانە هەیە و كۆمەڵیش ئەگەرەكانی بە كراوەیی هێشتۆتەوە و نایەوێت پەلە بكات".

سەبارەت بە وەرگرتنی رای كادیرانیان بۆ چوونە نێو حكومەت یان ئۆپۆزسیۆنبوون، فاروق عەلی ئاماژەی بەوەكرد: دەبێت بەرچاوڕوونیمان هەبێت، كاتیك سەركردایەتی ئەو كۆبوونەوەیە دەكات ئەگەر وتی ناڕۆمە نێو حكومەتەوە دەبێت بەهانەی هەبێت و ئەگەریش وتی دەڕۆم دەبێت بەرچاوڕوونی هەبێت، جارێ لەبەرئەوەی نازانین شێوازی حكومەتەكە چۆنە، بۆیە رای كادیرانمان وەرنەگرتووە".

ئەو سەركردەیەی كۆمەڵ بەمافی حیزبەكەیانی دەزانێت پشكی لە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان هەبێت و وتی: "لەبەرئەوەی لە پەرلەمان وجودمان هەیە و بۆ نەهیشتنی فیفتی بە فیفتی، مافی خۆمانە پشكمان لە سەرۆكایەتی پەرلەمان هەبێت".

سەبارەت بە لێدوانی هەندێك سەركردەی پارتی كە دەڵێن، بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ نیوەی رێگەكەیان بە تەلەفۆن بڕدراوە و نیوەی دیكەی بۆ دانیشتنی فەرمییە، فاروق عەلی دەڵێت: "ئەوە زۆر جێی سەرنجە، ئەگەر حكومەتێك بیەوێت كۆتایی بە قەیرانەكان بێنێت و ئەو هەموو بەڵێنەی لە كاتی بانگەشە بە هاوڵاتیانیانی دابێت، ئێستا بە تەلەفۆن رێككەوتبن، پێموانییە حكومەتێكی سەركەوتوو بە تەلەفۆن پێك بهێنرێت".
  

پپێداچوونەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure