سلێمانی: گردبوونەوەیەك دژی بڕیارێكی ئەمەریكا بەڕێوەچوو

هەواڵ / کوردستان :: 12/11/2018‌ :: 374‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
(بەرەی نیشتمانی دژی داگیركاری) لەدژی بڕیاری بەخشینی پارە لەلایەن ئەمەریكاوە بۆ ئاشكراكردنی شوێنی سێ سەركردەی پەكەكە، لە سلێمانی گردبوونەوەیەكى ئەنجامدا.


پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 12ی تشرینى دووەمی 2018، لە بەردەم باخی گشتی سلێمانی (بەرەی نیشتمانی دژی داگیركاری) بە بەشداری ژمارەیەك لە هاووڵاتیان گردبوونەوەیەكیان دژی بەخشینی 12 ملیۆن دۆلار لەلایەن ئەمەریكاوە بۆ ئاشكراكردنی شوێنی (جەمیل بایك، موراد قەرەیلان، دوران كالكان) سێ سەركردەی دیاری پەكەكە، سازكرد.

له‌ گردبونه‌وه‌كه‌دا هێرش بەرزنجی، راگەیەندراوێكی خوێندەوە و وتى: دوابەدوای بڕیاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا سەبارەت بە راگەیاندنی دەستگیركردنی سێ سەركردەی كورد و چەند بارە ناسندنەوەی پەكەكە لە لیستی تیرۆر، ئەوەی پێوتين كە كاربەدەست و دەسەڵاتدارانی ئەمەریكا نالۆژیكییانە دەڕواننە بەری رەنج و خەباتی كورد لە هەرچوار پارچەی كوردستان كە چەند دەیەیەكە لەو پێناوەدا قوربانی زۆریان داوە، تەنیا لە پێناو سەرخستنی دۆزی رەوای كورد و ئازادكردنی نیشتمانێك كە چەندین ساڵە لەلایەن داگیركارانه‌وه‌ داگیركراوە.

هەر بەپێی ئەو راگەیەندراوەی كە بەرزنجی خوێندییەوە، تێیدا هاتووه‌: "ئەمەریكا پێش ئەو بڕیارە دەبوو رەچاوی رۆڵی مەزنی و قارەمانێتی ئەو سێ سەركردەیە و چەندان رۆڵەی بەئەمەك و قارەمانی تری كوردستانی بكردایە كە رۆڵێكی بەرچاویان گێڕاوە لە شۆڕشە یەك لەدوا یەكەكانی مێژووی بزاوتی رزگاریخوازی كوردایەتی و لەهەمانكاتیشدا شانبەشانی هێزە هاوپەیمانییەكان كە خودی ئەمەریكا خۆی، سەرپەرشتی دەكرد و دەكات دەورێكی بەهێز و كاریگەر و سومبولی هەرە درەوشاوەی شەڕی رووبەڕووبونەوەی دژ بەهێزە تیرۆریستەكان و لەنێویشیاندا هێزی تیرۆریستی داعش و گروپە توندڕەوەكانی تر بوون، لەهەر چوار پارچەی كوردستان، بەتایبەت لە كوردستانی باشوور و رۆژئاوا، لەبری پاداشت و رێزگرتن لەو خەبات و قوربانیدانەی گەلی كورد، بڕیاری دەستگیركردنیان بۆ دەردەكات".

(بەرەی نیشتمانی دژی داگیركاری) دەڵێن: "سەرباری ئیدانەكردنی بڕیارگەلێكی لەو شێوەیەن، داواش دەكەن لە هەریەك لە نەتەوەیەكگرتووەكان و وڵاتانی دۆست و هاوپەیمان و كونسڵخانەی وڵاتان لە باشووری كوردستان و پەرلەمانی كوردستان هەڵوێستی جدییان هەبێت لە وەها بڕیارێك كە لەبری چارەسەری ریشەیی، ئاریشە و كێشەكان لەم ناوچەیە قوڵتر دەكاتەوە.

پێداچوونەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure