بانكى ناوه‌ندى عێراق ده‌رباره‌ى مه‌ترسییه‌ك هۆشدارى ده‌داته‌ بانكه‌كان

هەواڵ / ئابوری :: 12/11/2018‌ :: 278‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
بانكى ناوه‌ندى عێراق داوا له‌ سه‌رجه‌م بانك و دامه‌زراوه‌ داراییه‌كانى عێراق ده‌كات، له‌ رێكخستنى په‌یوه‌ندییه‌ بانكى و داراییه‌كانیاندا له‌گه‌ڵ ئێران و پابه‌ندى سزاكان بن.


له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا، كه‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 12 ى تشرینى دووه‌م بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، بانكى ناوه‌ندى عێراق رایگه‌یاندووه‌: به‌مه‌به‌ستى دورخستنه‌وه‌ مه‌ترسیه‌كان له‌سه‌ر بانك و دامه‌زراوه‌ داراییه‌كانى عێراق به‌هۆى سزا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌سه‌ر كۆمارى ئیسلامى ئێران، پێوسته‌ بانكه‌كان پابه‌ندى لیستى مامه‌ڵه‌ قه‌ده‌غه‌كراوه‌كان ببن.

بانكى ناوه‌ندى رایگه‌یاندوه‌: پێویسته‌ لیستى قه‌ده‌غه‌كراوه‌كان بنه‌ماى رێكخستنى په‌یوه‌ندیتان بێت له‌گه‌ڵ ئێران.

سه‌باره‌ت به‌ لیستى قه‌ده‌غه‌كراوه‌كان، بانكى ناوه‌ندى ده‌ڵێت: "قه‌ده‌غه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ى فرۆشتنى دۆلار له‌گه‌ڵ ئێران بكرێت و حكومه‌تى ئێران دۆلار ده‌ست بكه‌وێت".

قه‌ده‌غه‌یه‌ بازرگانى ئاڵتون و خشڵ و زێڕ له‌گه‌ڵ ئێران بكرێت.

هه‌روه‌ها سزكان هه‌موو جۆره‌ كڕین و فرۆشتن و گواستنه‌وه‌یه‌كى نه‌وت، ئه‌له‌منیۆم، خه‌ڵوز و ستیل له‌ به‌نده‌ره‌كانى ئێران قه‌ده‌غه‌یه‌.

سزاكان گشت به‌نده‌ره‌ ئاوی و كه‌شتى و پیشه‌سازیی كه‌شتى ئێران ده‌گرێته‌وه‌.

هه‌روه‌ها سزاكان هه‌موو مامه‌ڵه‌یه‌كى له‌گه‌ڵ بانكى ناوه‌ندى ئێران قه‌ده‌غه‌كردووه‌.

له‌ كۆتا خاڵدا بانكى ناوه‌ندى عێراق، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌كردووه‌ كه‌ سزاكانى ئه‌مریكا كه‌رتى وزه‌ى ئێران گرتوه‌ته‌وه‌.

ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانى ئه‌مریكا، له‌ 5ى تشرینى دووه‌مى ئه‌مساڵدا، پاكێجى دووه‌مى سزاكانى به‌سه‌ر ئێراندا سه‌پاند، كه‌ به‌ توندترین سزا داده‌نرێن له‌ دواى قۆناغى یه‌كه‌مى سزاكان له‌ 8ى ئاب رابردوه‌وه‌.

ئ / سيروان محەمەد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure