سزا و گه‌مارۆى ئابورى و ئێران

هەواڵ / چاوی تۆ :: 12/11/2018‌ :: 289‌ جار بینراوە

بورهان شێخ ره‌ئوف
 سزا و گه‌مارۆى ئابورى له‌ پوختترین پێناسه‌یدا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ "ده‌وڵه‌تێك یان ده‌وڵه‌تگه‌لێك یان ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى هه‌نگاوێك یان پرۆسه‌یه‌ك ئه‌نجام بدات بۆ ئه‌وه‌ى ره‌فتارى وڵاتێك بگۆڕێت یان  رێگریى بكات له‌ ئه‌نجامدانى ره‌فتارێكى یاساغ به‌ یاسا و عورفى نێوده‌وڵه‌تى".

 ساڵانێكه‌ سزا و گه‌مارۆى ئابورى وه‌كو كه‌ره‌سه‌یه‌كى كاریگه‌رى لێهاتووه‌ به‌ ده‌ست ئه‌مریكا و  وڵاتانى رۆژاواوه‌ بۆ به‌رگرتن له‌ زۆر ره‌فتار و كردارى وڵاتان كه‌ ئاسایش و ئارامیى وڵاتان ده‌خه‌نه‌ مه‌ترسى یه‌وه‌, بۆیه‌ هه‌ر له‌ ساڵى 1990وه‌ كاتێك رژێمى ئه‌وساى عێراق ده‌وڵه‌تى كوه‌یت-ى دراوسێى داگیركرد له‌ 2ى ئابى هه‌مانساڵدا سزایه‌كى گشتگیرى نێوده‌وڵه‌تى خرایه‌ سه‌ر عێراق.  له‌م دواییه‌یشدا سزا و ئابڵووقه‌ به‌كارهێنرا بۆ قه‌یران و كێشه‌كانى چه‌كى ئه‌تۆمى دژ به‌ كۆریاى باكور و ئێران، هه‌روه‌ها دژ به‌ روسیا له‌كاتى داگیركردنى دورگه‌ى قرم-ى ئۆكرانیا و دواتریش هه‌وڵى روسیا بۆ ژه‌هراویكردنى سیخوڕێكى ڕوسى (سیرجى سكریباڵ ) و مناڵه‌كه‌ى له‌ بریتانیا به‌ ماده‌ى كیمیاوى (نوفیتشوك ) كه‌ له‌ روسیا به‌رهه‌مهاتبوو.

جۆره‌كانى سزا 
1- سزاى گشتگیر: ئه‌و سزایه‌یه‌ كه‌ به‌شێكى زۆرى لایه‌نه‌كانى ژیان ده‌گرێته‌وه‌، چ له‌ رووى په‌یوه‌ندیى بازرگانى و په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسیه‌كان و هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌كانى تریش. ئه‌مه‌ش زیانى گه‌وره‌ ده‌گه‌یه‌نێته‌ به‌ هاووڵاتیان و به‌رپرس و كاربه‌ده‌ستانى ئه‌و وڵاته‌ كه‌ تۆمه‌تباره‌ به‌كارى یاساغ و پێچه‌وانه‌ به‌ یاسا و عورفى نێوده‌وڵه‌تى، وه‌كو ئه‌و ئابڵووقه‌یه‌ى كاتى خۆى خرایه‌ سه‌ر عێراق ئه‌و ئابڵووقه‌ و سزایانه‌ش وا ئێستا دژ به‌ ئێران خراوه‌ته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌.
2- سزاى زیره‌ك: ئه‌و سزایانه‌یه‌ كه‌ ده‌خرێته‌ سه‌ر سه‌ركرده‌ و بڕیاربه‌ده‌ستان و هه‌روه‌ها  ئه‌وانه‌ى هاوكار و هاوپه‌یمانیانن، ئه‌مه‌ش توێژێكى دیاریكراو ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ كاریگه‌ریى بۆ سه‌ر هاووڵاتیانى وڵاتى به‌ ئامانجكراو نابێت, چونكه‌ سزاى گشتگیر تێچوویه‌كى زۆرى ده‌وێت، به‌ڵام سزاى زیره‌ك كه‌متر, وه‌كو كاتێك ئه‌مریكا سزاى هه‌ردوو وه‌زیرى داد و ئاسایشى ناوخۆى توركیاى دا له‌ ئابى 2018  به‌هۆى ده‌ستگیركردنى قه‌شه‌ (ئه‌ندرۆ برانسۆن)ه‌وه‌.
سزاى زیره‌ك زۆر شێوازى هه‌یه‌ ده‌توانن وڵاتانى خاوه‌ن ده‌سته‌ڵات به‌كاریبهێنن بۆ مه‌به‌ستى پاراستنى ئارامى و ئاسایش و یان بۆ سه‌پاندنى ئه‌جندا و هه‌ژموونى خۆیان به‌ سه‌ر وڵاتانى تردا، ئه‌وانیش ئه‌مانه‌ن:
1- قه‌ده‌غه‌كردنى فرۆشتنى چه‌ك و كه‌ره‌سه‌ى سه‌ربازى.
2- سڕكردنى پاره‌ و داهاتى مالى هه‌موو ئه‌و وڵات و قه‌واره‌ و تاقمانه‌ى كه‌ كاره‌كه‌ ئه‌نجامده‌ده‌ن وه‌كو ئه‌وه‌ى به‌رامبه‌ر به‌ حزبوڵـڵاى لوبنان كراوه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌.
3- سزاى دیپلۆماسى وه‌كو ئه‌وه‌ى ئه‌مریكا و كه‌نه‌دا و  چوارده‌ وڵاتى تر له‌ ئه‌ندامانى یه‌كێتى ئه‌وروپا كردیان به‌ ده‌ركردنى دیپلۆماتكاره‌ روسه‌كانى دواى ژه‌هراویكردنى سیخوڕه‌ روسه‌كه‌ له‌ بریتانیا.
4- سزاى  ئاسمانیى واتا قه‌ده‌غه‌كردنى هاتوچۆى هێڵه‌كانى فڕۆكه‌وانى بۆ وڵاتى به‌ ئامانجكراو وه‌كو ئه‌وه‌ى دژ به‌ هه‌رێمى كوردستان كرا له‌ دواى ڕیفراندۆم.
مه‌به‌ست و ئامانج له‌ ئابڵووقه‌
داموده‌زگا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و گه‌لێك له‌ حكومه‌ت و ده‌سته‌ڵاته‌ نیشتمانیه‌كان، ئه‌م سزایانه‌ به‌كارده‌هێنن بۆ ئه‌وه‌ى رێ له‌ كار و كرده‌وه‌ى دژ به‌ یاسا بگرن و هه‌روه‌ها هه‌ژموونى خۆیشیان بسه‌پێنن. هه‌روه‌ها سزا به‌كاردێت بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ى زۆر قه‌یران و دیارده‌ى تر، له‌وانه‌ بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ و له‌ناوبردنى تیرۆر و ماده‌هۆشبه‌ره‌كان و پێشگرتن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ى چه‌كى ئه‌تۆمى و هه‌روه‌ها بۆ دامه‌زراندنى سیستمى دیموكراسى و چه‌سپاندنى مافه‌كانى مرۆڤ و چاره‌سه‌ركردنى زۆرێك له‌ كێشه‌و ململانێكان.
له‌ كۆتاییدا ئێستا كۆمارى ئیسلامى ئێران دواى ئه‌وه‌ى له‌ 5 تشرینى دووه‌مى 2018ه‌وه‌ خولى دووه‌مى سزاكانى خرایه‌ سه‌ر، هه‌رچه‌نده‌ به‌ هۆى ئه‌وه‌ى هه‌شت وڵات، له‌ ناویاندا عێراق و توركیا به‌خشێنران و بووراون له‌ جێبه‌جێكردنى ئه‌و سزایانه‌، به‌ڵام پێناچێت وا زوو ئاكامى خێرا بده‌ن به‌ده‌سته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئێران گره‌و له‌ سه‌ر تواناكانى خۆى ده‌كات بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى سزاكان هه‌روه‌ك چۆن له‌ 39 ساڵى ته‌مه‌نى خۆیدا واى كردووه‌. ئێستا ئه‌وان له‌ ململانێیه‌كى ئایدیۆلۆجى سه‌ختدان له‌ گه‌ڵ ئه‌مریكادا و گره‌و له‌گه‌ڵ كاتدا ده‌كه‌ن كه‌ ئاخۆ دواى دوو ساڵى تر تره‌مپ ده‌بێته‌وه‌ به‌ سه‌رۆك؟ 
له‌ هه‌مانكاتیشدا ئه‌زموونه‌كانى ئه‌مریكا له‌ عێراق و كوریاى باكور و زۆر شوێنى تریش ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێن كه‌ ده‌ربازبوونى ئه‌مجاره‌ى كۆمارى ئیسلامى ئێران له‌ ململانێدا كارێكى هێنده‌ ئاسان نابێت.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure