وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و ناوخۆ له‌ باره‌ی هاورده‌ی ده‌رمان بڕیاریاندا

هەواڵ / کوردستان :: 12/11/2018‌ :: 316‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاواره‌ حه‌مید
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 12ی تشرینی دووه‌می 2018، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌ نێوان وه‌زیری ته‌ندروستی و وه‌زیری ناوخۆ و سكرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌ باره‌ی كۆنتڕۆڵكردنی ده‌رمان ئه‌نجام دراو چه‌ند بڕیارێكیان ده‌ركرد. 

خالس قادر، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی به‌ رۆژنامه‌نووسانی راگه‌یاند: له‌ كۆبوونه‌كه‌ بڕیار درا به‌ پێكهینانی لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌سه‌ر ئاستی پارێزگاكان له‌ نێوان قایمقامیه‌ت و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستییه‌كان و وه‌زاره‌تی ناوخۆ.

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی وتیشی: به‌ پێی بڕیاره‌كان ده‌بێت له‌ زووترین كاتدا لیژنه‌كان ده‌ستبه‌كاربن و له‌ یه‌ك كاتدا ده‌ستبکرێت به‌ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كان كه‌ خۆی ده‌بینێته‌وه‌ له‌ قەده‌غه‌كردنی ده‌رمانی كوالێتی نزم و قه‌ده‌غه‌كردنی هاورده‌ی ده‌رمانی قاچاخ. 

خالس قادر ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: به‌ پێی بڕیاره‌كانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ سزاكانی هاورده‌ی ده‌رمان زیاتر ده‌كرێن و ته‌نها ئه‌و كه‌سانه‌ش ده‌توانن ده‌رمان بفرۆشن كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی و وه‌زاره‌تی ناوخۆ مۆڵه‌تیان پێدراوە.

ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێم پێشنیاریكی داوه‌ته‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بۆ دامه‌زراندنی دامەزراوەیەکی تایبه‌ت به‌ كۆنتڕۆڵكردنی ده‌رمان و یه‌ك خستنی نرخی ده‌رمان له‌ هه‌رێمی كوردستان. 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure