یەكێتی و گۆڕان چاویان لە دوو پۆستی سیادییە

هەواڵ / کوردستان :: 12/11/2018‌ :: 621‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
سەركردەیەكی یەکێتی رایدەگەیەنێت: گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم دەستیانپێكردوە، بەڵام رەنگە رانەگەیەنراو و ناڕەسمی بن، دەشڵێت: "بۆ نموونە یەكێتی داوای پۆستی سەرۆكی پەرلەمان و جێگری سەرۆكی حكومەت دەكات، پێموایە گۆڕانیش لەحاڵەتی بەشداریكردنی لایەنیكەم داوای یەكێكیان دەكات".


فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 21ى تشرینى دووه‌مى 2018 بە دواڕۆژی راگەیاند: گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم دەستیانپێكردوە، بەڵام رەنگە رانەگەیەنراو و ناڕەسمی بن، لەهەندێك لەو گفتۆگۆیانەدا لایەنەكان گەیشتوون بە رێككەوتن یان لەڕێككەوتنەوە نزیکن، لەبەرئەوە كاتێك بەڕەسمی دەستپێدەكەن، رەنگە نیوەی رێككەوتنەكەش ئامادەبێت و ئەوەی گفتوگۆی لەسەر دەكەن، نیوەكەی دیكەیە.

وتیشی: "رەنگە هەندێك كێشەش لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان هەبێت، بەتایبەتی لەنێوان ئەو لایەنانەی دەیانەوێت مامەڵە لەگەڵ پارتی بكەن وەكو یەكێتی و گۆڕان، هەندێك پۆست هەن هەردوولا چاویان لێیەتی بۆ ئەوان بێت، بۆیە دەبێت پارتی لەو رووەوە رۆڵی یەكلاییكەرەوەی هەبێت".

سەبارەت بەوەی ئەو پۆستانە چین كە یەكێتی و گۆڕان چاویان لێیەتی، سەركردەكەی یەكێتی دەڵێت: "بۆ نموونە یەكێتی داوای پۆستی سەرۆكی پەرلەمان و جێگری سەرۆكی حكومەت دەكات، پێموایە گۆڕانیش لەحاڵەتی بەشداریكردنی لایەنیكەم داوای یەكێكیان دەكات، بۆیە ئەوە یەكێكە لەو تەگەرانەی دێتە بەردەم راسپێردراوی پێكهێنانی حكومەت، واتە كۆمەڵێك داوای دژبەیەك دێنە بەردەمی و دەبێت خۆی رۆڵی هەبێت لە دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ ئەو مەسەلەیە".

دەربارەی ئەوەش كە یەكێك لە هۆكارەكانی دەستپێنەكردنی گفتوگۆكان چۆنیەتی دابەشكردنی پۆستەكانە؟، ئەسەسەرد وتی: "ئەوە یەكێكە لە كێشەكان كە ئێستا بەشێوەی ناڕەسمی لەئارادایە و بەدڵنیاییەوە كاتێك پڕۆسەكە دەستپێدەكات، ئەوكاتە بەشێوەی روونتر و رەسمی گفتوگۆکان دەستپێدەکەن".

سەبارەت بەوەش كە دەوترێت پارتی دەیەوێت لە دژی یەكێتی، گۆڕان بەشداری حكومەت پێبكات، ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد كە ئەم حكومەتە نوێیە، حكومەتی یەك حیزب نابێت، پارتیش ئەوە دەزانێت، هەروەها پارتی زۆریشی پێباشە لەگەڵ یەكێتی حكومەت پێكبێنێت، سێیەمیش ئەوەیە هەردوولا پێیان باشە بەشێك لە لایەنەكانی دیكە بەشداری لە حكومەتدا بكەن، بەڵام بەشداربوونیشیان دەبێتەهۆی دابەشكردنێكی دیكەی پۆستەكان، بۆیە ئەگەر توانرا چارەسەری ئەو مەسەلەیە بكرێت، مەسەلەی ژمارەی بەشداربووان كێشە دروستناكات.

 

داڕشتنەوە: ئەروەند عومەر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure