عارف تەیفور: لەگەڵ یەكێتی سەردانی لایەنەكان دەكەین

هەواڵ / کوردستان :: 11/11/2018‌ :: 225‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتى لە سلێمانی رایدەگەیەنێت: بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم سەرەتا سەردانی یەكێتی دەكەن و پاشان پێكەوە سەردانی لایەنەكانی دیكەش دەكەن.


نیوەڕۆی ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 11ى تشرینى دووه‌مى 2018 سەعدی پیرە، وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان سەردانی عارف تەیفور، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی كرد و دواتر كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییان سازكرد.

عارف تەیفور رایگەیاند: سەردانەكەی سەعدی پیرە دۆستانە بووە.

لەوەڵامی پرسیاری دواڕۆژ سەبارەت بەوەی ئەگەر گۆڕان بەشداری حكومەت بكات پارتی جێگری سەرۆك وەزیران و چوار وەزارەتی پێدەدات، تەیفور وتى: "تائێستا دیارینەكراوە چی دەدرێت بە چی و كێ دەكرێت بە چی، ئێمە و یەكێتی دەستەی خۆمان دروستكردووە و بزانین لایەنەكانی دیكەش كێ ئامادەیی بۆ بەشداربوون لە حكومەت هەیە، لەگەڵ یەكێتی دادەنیشین و پاشان هەردوولامان لەگەڵ لایەنەكانی دیكە قسە دەكەین، ئەو كاتە پۆستەكان دیاری دەكرێن".

دەربارەی ئەوەی یەكێتی پێی باشە حكومەتی داهاتوو بنكەفراوان یان زۆرینە و كەمینە بێت، وتەبێژی یەكێتی رایگەیاند: "ئێمە و پارتی دوو هێزی سەرەكین لە هەموو قەیرانەكان پێكەوەبووین و پێكەوەش دەمێنین، دەرگا كراوەیە بۆ هەموو لایەنەكان و هێڵی سوور و ڤیتۆمان لەسەر هیچ لایەنێك نییە، دەشمانەوێت بە بەرنامەكانمان دەبێت سوود لە هەڵەی رابردوو وەربگرین".



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە