نوێترین زانیاری دەربارەی دەستپێکردنی شه‌قامى 100 مه‌ترى سلێمانی

هەواڵ / کوردستان :: 11/11/2018‌ :: 867‌ جار بینراوە

تاگ :: سلێمانی

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال
پارێزگارى سلێمانى رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌: بودجه‌ بۆ جێبه‌جێكردنى پڕۆژه‌ى 100 مه‌ترى ته‌رخانكرا، به‌ڵام حكومه‌ت پاره‌كه‌ى به‌ نه‌ختینه‌یى دابین نه‌كردووه‌، هەروەها ده‌ڵێت: "بۆ جێبه‌جێكردنى پرۆژه‌كه‌، لیژنه‌یه‌ك له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران پێكهاتووه‌ و چاوه‌ڕێی ته‌رخانكردنى بودجه‌كه‌ به‌ نه‌ختینه‌یى ده‌كه‌ن".

له‌وباره‌یه‌وه‌ هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر، پارێزگارى سلێمانى، به‌ دواڕۆژى وت: "ساڵى 2013 بودجه‌ بۆ جێبه‌جێكردنى شه‌قامى 100 مه‌ترى ته‌رخانكراوه‌ و به‌ردى بناغه‌ى دانراوه‌، به‌ڵام به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه‌ وه‌ستا، ئێستا ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ زیندوكراوه‌ته‌وه‌ و لیژنه‌ى بۆ ته‌رخانكراوه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، ئێمه‌ش نوێنه‌رى خۆمان ناردووه‌، به‌ ئومێدى ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ باشتربوونى قه‌یرانى دارایى ده‌ست به‌ جێبه‌جێكردنى ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ بكرێت".

وتیشى: "ئه‌و بودجه‌یه‌ى بۆ جێبه‌جێكردنى به‌شى یه‌كه‌مى پڕۆژه‌كه‌ ته‌رخانكراوه‌ بریتییه‌ له‌ 500 ملیۆن دۆلار، به‌ڵام به‌ نه‌ختینه‌ نییه‌".

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى تاچه‌ند ده‌توانرێت قه‌ره‌بووى ئه‌و ماڵ و شوێنه‌ بازرگانییانه‌ بكرێته‌وه‌ كه‌ ده‌كه‌ونه‌ ناوچه‌ى پڕۆژه‌كه‌، ئایا ئه‌و شوێنانه‌ هیچ گرفتێكیان بۆ جێبه‌جێكردنى دروست نه‌كردووه‌؟ هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر باسى له‌وه‌كرد: به‌پێى یاسا هه‌رشتێك هاته‌سه‌ر رێگە ئه‌گه‌ر مزگه‌وتیش بێت لاده‌برێت، ئه‌و شوێنانه‌ ئاسته‌نگ نین، به‌ڵكو خه‌رجكردنى بودجه‌كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ ئاسته‌نگه‌".

پارێزگارى سلێمانى، ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: شه‌قامى 100 مه‌ترى له‌ تاسڵوجه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات تا نزیكى عه‌ربه‌ت، جارێكى تر له‌لاى وێڵه‌یه‌ر دێته‌وه‌، دواى ئه‌وه‌ دوو را هه‌یه‌، رایه‌ك ئه‌وه‌یه‌ به‌ ناحیه‌ى سیته‌كدا به‌ تونێلێك بێته‌وه‌، رایه‌كى دیكه‌ش ئه‌وه‌یه‌ به‌ بناره‌كه‌دا بگه‌ڕٍێته‌وه‌ بۆ نزیكى چه‌ق چه‌ق".

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure