هاوپه‌یمانى نه‌سر به‌سه‌رۆكایه‌تى عه‌بادى بڕیارى خۆى ده‌دات

هەواڵ / عێراق :: 11/11/2018‌ :: 385‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، محه‌مه‌د عه‌لى
په‌رله‌مانتارێكى هاوپه‌یمانى نه‌سر، به‌سه‌رۆكایه‌تى حه‌یده‌ر عه‌بادى سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشووى عێراق، ئه‌مشه‌و كۆده‌بێته‌وه‌، له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا سه‌باره‌ت به‌ به‌شداریكردن و نه‌ركردنى له‌ حكومه‌تدا بڕیار ده‌دات.


نه‌دا شاكر په‌رله‌مانتارى هاوپه‌یمانى نه‌سر ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، به‌دواڕۆژى راگه‌یاند: هێشتا هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌مان له‌ حكومه‌تى نوێى عێراق هیچ پۆستێكى وه‌زارى وه‌رنه‌گرتووه‌، ناشكرێت هاوپه‌یمانێتى نه‌سر له‌ سێیه‌م لیستى براوه‌ى عێراق بێت، له‌ هه‌موو پارێزگایه‌ك بوونى هه‌بێت و له‌سه‌ر بنه‌ماى تایه‌فى دانه‌مه‌زرابێت، كه‌چى هیچ وه‌زاره‌تێكى به‌رنه‌كه‌وێت.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ى حه‌یده‌ر عه‌بادى روونیشكرده‌وه‌: قه‌واره‌ى وا هه‌یه‌، ته‌نیا هه‌شت په‌رله‌مانتارى هه‌یه‌، دوو وه‌زاره‌تى وه‌رگرتووه‌، به‌ڵام هاوپه‌یمانێتى نه‌سر هێشتا هیچى بۆ دیارى نه‌كراوه‌.

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستى سه‌رۆك وه‌زیرانى ئێستاى عێراق، له‌سه‌ر "بێبه‌شكردن"ى هاوپه‌یمانى نه‌سر، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد: له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدیدا ئه‌وه‌مان باسكردووه‌، به‌ روونى پێى راگه‌یاندووین، كه‌ ئه‌و حكومه‌تى پێكنه‌هێناوه‌، به‌ڵكو هه‌ردوو ئیئتلافى سائیرون و فه‌تح ئه‌وان حكومه‌تیان پێكهێناوه‌، بۆیه‌ ده‌بێت قسه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌واندا بكه‌ن.

نه‌دا شاكر ئاشكرشیكرد: هاوپه‌یمانێتى نه‌سر به‌سه‌رۆكایه‌تى حه‌یده‌ر عه‌بادى ئه‌مشه‌و كۆده‌بێته‌وه‌، دواتر بڕیارى خۆى ده‌دات به‌شدارى حكومه‌ت ده‌كات یان ده‌بێته‌ ئۆپۆزسیۆن.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure