تۆڕى "سویفت" گورزێك له‌ سیسته‌مى بانكى ئێران ده‌وشێنێت

هەواڵ / ئابوری :: 10/11/2018‌ :: 3284‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
به‌ڕێوه‌به‌رى جێبه‌جێكارى تۆڕى "سویفت" بۆ په‌یوه‌ندى ئاڵوگۆڕى دراوى نێوده‌وڵه‌تى ئاشكراى كرد، له‌سه‌ره‌تاى هه‌فته‌ى داهاتوو، تۆڕه‌كه‌یان په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك بانكى ئێرانى ده‌وستێنێت.

جوتفرید لیبرانت، به‌ڕێوه‌به‌رى جێبه‌جێكارى تۆڕى سویفت بۆ په‌یوه‌ندى ئاڵوگۆڕى دراوى نێوده‌وڵه‌تى له‌ كۆنفراسێكدا له‌ پاریس رایگه‌یاند: سه‌ره‌تاى هه‌فته‌ى داهاتوو په‌یوندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك بانكى ئێران ده‌پچڕێنین.

راشیگه‌یاند: دابڕانى ئێران له‌سیسته‌كه‌مان بۆ پاراستن و سه‌قامگیریی سیسته‌مى دارایی نێوده‌وڵه‌تییه‌.

لیبرانیت رونیشیكرده‌وه‌ كه‌ هه‌فته‌ى داهاتوو لیستى ناوى ئه‌و بانكانه‌ بڵاوده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ له‌ تۆڕى سویفت داده‌بڕێت.

كۆمه‌ڵه‌ى په‌یوه‌ندی دارایی نێوده‌وڵه‌تى، كه‌ به‌ سویفت (SWIFT) ناسراوه‌، ساڵى 1973 به‌ده‌ستپێشخه‌رى بانكه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان دامه‌زراوه‌، به‌مه‌به‌ستى ده‌ستبه‌ركردنى تۆڕێكى په‌یوه‌ندیكردنى یه‌كگرتووى سه‌لامه‌ت له‌ سه‌رتاسه‌رى جیهان بۆ بانكه‌كان.

باره‌گاى كۆمه‌ڵه‌كه‌ له‌ به‌لجیكایه‌ و نوێنه‌رایه‌تى له‌ وڵاتانى ئه‌مریكا، فره‌نسا، ئه‌ڵمانیا، سویسرا و بریتانیا هه‌یه‌، تۆڕێكى گه‌وره‌ى په‌یوه‌ندیكردنى خێرا و سه‌لامه‌ت بۆ مامه‌ڵه‌ى دارایی و گواستنه‌وه‌ى زانیارى به‌شێوه‌یه‌كى خێرا، له‌ چه‌ند چركه‌یه‌ك بۆ به‌كارهێنه‌رانى دابین ده‌كات.

 "سویفت"  جگه‌ له‌ بانكى ئه‌وروپى و ده‌سته‌ى دارایی هۆنگ كۆنگ، بانكى ناوه‌ندى 20 وڵات له‌خۆده‌گرێت، ژماره‌ى به‌كارهێنه‌رانى له‌ ته‌موزى 2015 گه‌یشته‌ 10.800 به‌كارهێنه‌ر له‌ 209 وڵات و له‌ ژێر چاودێرییه‌كى توندایه‌ و 24 كاتژمێر خزمه‌تگوزارییه‌كانى به‌رده‌وامه‌ و 24 ملیۆن نامه‌ى ئه‌لیكترۆنى ئاڵۆگۆڕ ده‌كات.

س.م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure