كۆنفڕانسێكى تایبه‌ت به‌ گه‌شه‌پێدانى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ڕێوه‌چوو

هەواڵ / کوردستان :: 10/11/2018‌ :: 360‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید
كۆنفڕانسێكى تایبه‌ت به‌ گه‌شه‌پێدانى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ڕێوه‌چوو و سه‌رپه‌رشتیارى كۆنفڕانسه‌كه‌ش ده‌ڵێت: چه‌ند راسپارده‌یه‌ك ئاراسته‌ى حكومه‌تى هه‌رێم و ئیداره‌ى شاره‌كه‌ كران.


ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2018/11/10 كۆنفرانسى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ ناونیشانى (گه‌شه‌پێدانى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ ئه‌ستۆى هه‌مووانه‌) به‌سه‌رپه‌رشتى ژماره‌یه‌ك له‌ رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان و به‌ ئاماده‌بوونى به‌رپرسانى باڵاى حكومه‌تى هه‌رێم و كه‌سانى پسپۆڕ و ئه‌كادیمى له‌ بوارى گه‌شه‌پێدان به‌ڕێوه‌چوو.

سه‌روه‌ر محه‌مه‌د، سه‌رپه‌رشتیارى كۆنفڕانسه‌كه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: به‌مه‌به‌ستى زیاتر گرنگیدان به‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و هێنانى به‌رپرسانى حكومه‌تى هه‌رێم بۆ ئه‌وه‌ى له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگادارى دۆخى ناو شارى هه‌ڵه‌بجه‌ ببن، به‌ پێویستمانزانى كۆنفرانسه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ببه‌ین.

وتیشى: له‌ كۆنفرانسه‌كه‌دا چه‌ند پانێڵێك پێشكه‌شكران كه‌ پانێڵى یه‌كه‌م باس له‌ (پلانى شار و گه‌شه‌پێدانى كه‌رتى ئابورى و گه‌شتوگوزار) كرا كه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ (عومه‌ر عینایه‌ت، ئه‌ندازیار، د. محه‌مه‌د زه‌هاوى پسپۆڕى بوارى گه‌شتوگوزار، د. كاوه‌ قه‌ره‌داغى، پسپۆڕى ئابورى) باسیان له‌ چۆنیه‌تى گه‌شه‌پێدانى هه‌ڵه‌بجه‌ كرد.

ئه‌وه‌شى وت: پانیڵى دووه‌مى كۆنفرانسه‌كه‌ ته‌رخانكرابوو بۆ باسكردن له‌ (چاودێرى فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كان و رۆڵى رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان) له‌و پانێڵه‌شدا هه‌ریه‌كه‌ له‌ (ئامانج ره‌حیم، سكرتێرى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و د. سه‌روه‌ر عه‌بدولڕه‌حمان، په‌رله‌مانتارى خولى پێشوتر) به‌گوێره‌ى ئه‌و ئه‌زمونه‌ى كه‌ هه‌یانبووه‌ باسیان له‌ چۆنییه‌تى كارى رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى كرد بۆ ئه‌وه‌ى كاریگه‌رییان هه‌بێت له‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى زیاترى هه‌ڵه‌بجه‌.

سه‌رپه‌رشتیارى كۆنفڕاسه‌كه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: له‌ كۆتایى كۆنفرانه‌سه‌كه‌شدا كۆمه‌ڵێك راسپارده‌ ئاراسته‌ى حكومه‌تى هه‌رێم و به‌رپرسانى ئیدارى شاره‌كه‌ كرا كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ چۆنییه‌تى به‌گه‌رخستنى كارگه‌ و دروستكردنى كارگه‌ى نوێ و ره‌خساندنى هه‌لیكار و چه‌ندین بوارى دیكه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بیكه‌نه‌ پلان و به‌رنامه‌ى كارى خۆیان له‌ گه‌شه‌كردنى زیاترى هه‌ڵه‌بجه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure