هاوپه‌یمانی داوایه‌ك ئاراسته‌ی دوو په‌رله‌مانتاره‌كه‌ى ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 11/11/2018‌ :: 601‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی  
سه‌ركرده‌یه‌كی باڵای هاوپه‌یمانی نیشتمانی رایده‌گه‌یه‌نێت: به‌پێی یاساكانی عێراق هه‌ردوو په‌رله‌مانتاره‌كه‌یان ئازادن له‌ناو هاوپه‌یمانی ده‌مێننه‌وه‌ یاخود ده‌ڕۆنه‌ ناو حزبێكی تر، به‌ڵام له‌ رووی مافی سیاسییه‌وه‌ ئه‌و كورسییه‌ بۆ هاوپه‌یمانی ده‌بێت.

 
محه‌مه‌د ره‌ئوف، یه‌كێك له‌ دامه‌زرێنه‌ری هاوپه‌یمانی نیشتمانی (هاوپه‌یمانى بۆ دیموكراسى و دادپه‌روه‌رى پێشوو) ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 10ى تشرینى دووه‌مى 2018 به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: داوایان له‌ هه‌ردوو په‌رله‌مانتاره‌كه‌یان كردووه‌ له‌ په‌رله‌مانی عێراق فراكسیۆنی هاوپه‌یمانی رابگه‌یه‌نن.
 
وتیشی: "هه‌ردوو په‌رله‌مانتاره‌كه‌ له‌ رووی یاساییه‌وه‌ مافی خۆیانه‌ له‌ناو هاوپه‌یمانی ده‌مێننه‌وه‌ یان ده‌ڕۆنه‌ ناو حزبێكی تر، به‌ڵام له‌ رووی سیاسییه‌وه‌ ئه‌و دوو كه‌سه‌ به‌ ده‌نگی ده‌نگده‌رانی هاوپه‌یمانی بوونه‌ته‌ په‌رله‌مانتار، بۆیه‌ ده‌بێت له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی بمێننه‌وه‌". 

دوێنێ له‌میانه‌ى کۆبوونەوەی گشتیی هاوپەیمانی كه‌ بە بەشداریی 350 ئەندام لە هەولێر بەڕێوەچوو، ناوى حزبه‌كه‌ بۆ (هاوپه‌یمانى نیشتیمانى) گۆڕدرا و ئارام قادر-یش به‌ سه‌رۆكى حزبه‌كه‌ هه‌ڵبژێردرا.

محه‌مه‌د ره‌ئوف ئاشكراشیكرد: له‌گه‌ڵ هه‌ردوو په‌رله‌مانتاره‌كه‌ كۆده‌بنه‌وه‌ و داوایان لێده‌كه‌ن له‌ په‌رله‌مانی عێراق وه‌ك دوو ئه‌ندامی په‌رله‌مان فراكسیۆنی هاوپه‌یمانی رابگه‌یه‌نن، ئه‌وكاته‌ گه‌ر رازی بوون كارێكی باش ده‌كه‌ن گه‌رنا خۆیان ئازادن سه‌ربه‌خۆ ده‌بن یان ده‌ڕۆنه‌ ناو حزبێكی تر.
 
هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری بە سەرۆکایەتی بەرهەم ساڵح لە کانوونی یەکەمی 2017 دامەزرا، رۆژی 19ى ئابى 2018، بەرهەم ساڵح لە پۆستی سەرۆکی هاوپەیمانی دەستیلەکارکێشایەوە و گەڕایەوە ناو یەکێتی و له‌وكاته‌وه‌ ئەو حزبە بەبێ سەرۆک مایەوە.

 

 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure