یه‌كگرتوو له‌باره‌ى گۆڕانكارییه‌كانیەوە بڕیارده‌دات

هەواڵ / کوردستان :: 10/11/2018‌ :: 256‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر
وابڕیاره‌ دووشه‌ممه‌ی داهاتوو ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان له‌ باره‌ى پرسى گۆڕانكارى و هه‌ڵوه‌شاندنەوه‌ى هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌نجومه‌نى سیاسى و جێبه‌جێكردن و بانگخوازى ئه‌و حیزبه‌ بڕیاربدات.


دواى ئه‌وه‌ى له‌ دوو هه‌فته‌ى رابردوو له‌ کۆبونەوەی ئەنجومەنی گشتیى یه‌كگرتووى ئیسلامى چه‌ندین راسپارده‌ ئاراسته‌ ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى ئه‌و حیزبە كرا و هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌نجومه‌نى سیاسى و جێبه‌جێكردن و بانگخوازى هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌، وابڕیاره‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ى رۆژى دووشه‌ممه‌ 12ى تشرینى دووه‌م، ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى بڕیار له‌سه‌ر راسپارده‌كانى كۆبوونه‌وه‌ى گشتی بدات و چه‌ندین گۆڕانكارى له‌ نێو ئه‌و حیزبه‌ ئه‌نجامبدات.

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ، ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ى دووشه‌ممه‌ى داهاتوو كۆنگره‌ى ئاسایى ئه‌و حیزبه‌ كه‌ هێشتا دوو ساڵى ماوه‌ بۆماوه‌ى یه‌ك ساڵ پێشبخرێت و ئه‌نجومه‌نى جێبه‌جێكردن كه‌ باڵاترین ده‌سه‌ڵاته‌ هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌ و هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌نجومه‌نى سیاسى و بانگه‌وازیش ستافى نوێى بۆدابنرێت و له‌ماوه‌ى داهاتووشدا كاركردن له‌ هه‌ردوو دامه‌زراوه‌ى سیاسى و بانگخوازى به‌ ته‌واوى جیابكرێنه‌وه‌.

هه‌ربه‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ، یه‌كێك له‌ ئه‌گه‌ره‌كان ئه‌وه‌یه‌ له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ بڕیار له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنەوه‌ى 5 مه‌ڵبه‌ند بدرێت و ئه‌ندامانى پێشووى ئه‌نجومه‌نى جێبه‌جێكردن بكرێنه‌ لێپرسراوى مه‌ڵبه‌ند.

لاى خۆیه‌وه‌ یەحیا عومەر رێشاوی، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بەدواڕۆژی راگەیاند: دەبێت له‌ كۆبوونه‌وه‌ى داهاتووى ئەنجومەنی سەرکردایەتی بڕیار لە جێبەجێکردنی ئەو راسپاردانە بدرێت کە لە ئەنجومەنی گشتییەوە ئاراستەی کراوە.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: لە کۆبونەوەى ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان سەرجەم راسپاردەکان دەخرێنە دەنگدان و هەر پێشنیارێك پەسەندکرا دەبێتە بڕیار و دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

له‌ماوه‌ى دوو هه‌فته‌ى ڕابردوو دوای راگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و كه‌مبوونه‌وى ژماره‌ى كورسییه‌كانى یەکگرتوو، ئەنجومەنی گشتی ئەو حیزبە لە شارى دهۆك کۆبونەوەیه‌كى فراوانی ئەنجامدا و تێیدا چەندین راسپاردەی ئاراستەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کرد.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure