سه‌ركرده‌یه‌كی پارتی نهێنی گۆڕانكاری له‌ پشكی حیزبه‌كه‌ی له‌ناو حكومه‌ت ئاشكراده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 10/11/2018‌ :: 1978‌ جار بینراوە

تاگ :: پارتی

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 
له‌ ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوودا پارتی دیموكراتی كوردستان ژماره‌یه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی و به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ و به‌ڕیوه‌به‌ری ناحیه‌ی له‌ سنوری پارێزگای هه‌ولێر و دهۆك گۆڕیوه‌، ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حیزبه‌ش ئاشكرایده‌كات: له‌كابینه‌ی داهاتووی حكومه‌تی هه‌رێم وه‌زیره‌كان له‌ پشكی پارتی "ده‌موچاوی نوێ ده‌بن". 


دواڕۆژ زانیویه‌تی سه‌ركردایه‌تی پارتی به‌ فه‌رمانی سه‌رۆكی حیزبه‌كه‌یان به‌ نوسراوی به‌رپرسی سه‌رجه‌م لقه‌كانی حیزبه‌كه‌ی له‌ پارێزگاكانی هه‌ولێر و دهۆك ئاگادار كردۆته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌سی نوێ بۆ پۆستی وه‌زاره‌ته‌كانی پشكی پارتی له‌ كابینه‌ی داهاتووی حكومه‌تی هه‌رێم ئاماده‌بكه‌ن و ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی نوێش بۆ پۆستی بەرپرسی دەزگا ئەمنییەکان و به‌ڕیوه‌به‌ری ناحیه‌ و قایمقام و فه‌رمانگه‌كان دیاری بكه‌ن.
 
لەوبارەیەوە عه‌لی عه‌ونی، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: سه‌رۆك بارزانی پڕۆژه‌یه‌كی چاكسازی راگه‌یاندووه‌ و ماوه‌یه‌كه‌ پارتی كار له‌سه‌ر ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ ده‌كات، وه‌ك پارتیش جدین له‌سه‌ر چاكسازی ناوحكومه‌ت به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی پارتی نزیكه‌ی نیوه‌ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی به‌ ده‌ستهێناوه‌ ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ به‌رپرسیارێتیه‌كی گه‌وره‌ بكه‌وێته‌ سه‌رشانی. 

وتیشی: "له‌ چوار ساڵی داهاتوودا هه‌موو ئه‌و گه‌نده‌ڵی و بێ سه‌روبه‌ریانه‌ی له‌ داموده‌زگاكانی حكومه‌تدا هه‌یه‌ ده‌بێت چاره‌سه‌ر بكرێن، چونكه‌ قۆناغه‌كانی رابردوو به‌سه‌ر چووه‌". 

عه‌لی عه‌ونی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: هه‌ر وه‌زیر و به‌رپرسێك له‌ پشكی پارتی وه‌ك پێویست ئه‌ركه‌كه‌ی به‌ باشی جێبه‌جێ نه‌كردبێت له‌ به‌رنامه‌ی چاكسازی پارتیدا هاتووه‌ ده‌بێت بگۆڕدرێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ چوار ساڵی داهاتوو خه‌ڵك ده‌نگی پێبداته‌وه‌. 

روونیشیكرده‌وه‌: ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی له‌ پشكی پارتی ئه‌نجام ده‌درێت له‌ كابینه‌ی داهاتووش بۆ ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ی به‌ر پارتی ده‌كه‌وێت وه‌زیره‌كان ده‌موچاوی نوێ ده‌بن، چونكه‌ ئه‌و پێشنیاره‌ له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تییه‌وه‌ به‌ جدی گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كرێت. 
 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure