بۆ هێنانه‌وه‌ى منداڵه‌ دۆزراوەكانى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌بێت وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئێران ره‌زامه‌ندى ده‌رببڕێت

هەواڵ / کوردستان :: 09/11/2018‌ :: 401‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
له‌سه‌ر پێشنیارى نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێم له‌ تاران، بڕیارە له‌ مه‌ودوا هه‌ر منداڵێكى ونبووى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ ئێران دۆزرایه‌وه‌،  به‌ڵگه‌ و دۆكۆمێنته‌كانى ببرێته‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئێران و له‌وێ پشتڕاستى به‌ڵگه‌كان بكرێته‌وه‌، پاشان ڕێگه‌بدرێت بهێنرێته‌وه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان.


لوقمان عه‌بدولقادر، سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند :"پێشتر هه‌ر كه‌سێك بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌ى بكردایه‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ منداڵه‌ ونبووه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌بێ هیچ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كى ئه‌وتۆ، ده‌هێنرایه‌وه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان، دواتر له‌ دۆزینه‌وه‌ى خێزانه‌كه‌یدا گرفتێكى زۆرمان بۆ دروستده‌بوو، وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ كه‌یسى (مریه‌م باروتجییان) روویدا، به‌ڵام ئێستا شێوازێكى دیكه‌ ده‌گرینه‌به‌ر بۆ هێنانه‌وه‌ و دۆزینه‌وه‌ى منداڵه‌ ونبووه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌".

وتیشی: "له‌سه‌ر پێشنیارى نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێم له‌ تاران، له‌مه‌ودوا هه‌ر منداڵێكى ونبووى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ ئێران دۆزرایه‌وه‌ و به‌ڵگه‌ و دۆكێمینتى پێویستى پێشكه‌شكرد، ده‌بێت سه‌رجه‌م ئه‌و به‌ڵگانه‌ ره‌وانه‌ى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئێران بكرێن بۆ ئه‌وه‌ى له‌وێ پشتڕاست بكرێته‌وه‌ و ئه‌وه‌ به‌سه‌لمێنن كه‌ به‌ڵێ ئه‌م كه‌سه‌ یه‌كێكه‌ له‌ منداڵه‌ ونبووه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌".

سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ هۆكارى ده‌ركردنى ئه‌و بڕیاره‌ى بۆ ئه‌وه‌ گه‌ڕانده‌وه‌ كه‌ نایانه‌وێت له‌مه‌ودوا له‌ دۆزینه‌وه‌ى هه‌رمنداڵێكى ونبوودا گرفتى كۆمه‌ڵایه‌تى زیاتر بۆ منداڵه‌ دۆزراوه‌كه‌، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌و خێزانانه‌ش دروستبكه‌ن كه‌ ماوه‌ى 30 ساڵه‌ له‌ چاوه‌ڕوانى دۆزینه‌وه‌ى منداڵه‌ ونبووه‌كانیاندان له‌ ئێران".

له‌ ئێستادا 67 خێزانى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ چاوه‌روانى دۆزینه‌وه‌ى 111 منداڵى ونبوودان كه‌ له‌ تاوانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ 16/3/1988 له‌ نه‌خۆشخانه‌كانى تاران له‌ خێزانه‌كانیان ونبوون.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure