دوای 48 ساڵ خەریكە یاسایەكی بەعس جوتیاری كورد و عەرەبی هاوردە بەشەڕ دەداتەوە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 182‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری
عەرەبە هاوردەكانی سەردەمی حزبی بەعس گەڕاونەتەوە كەركوك و لەهەوڵی وەرگرتنەوەی زەوییە كشتوكاڵییەكانن كە لەبنەڕەتدا خاوەندارێتییەكەی بۆ كورد و توركمان دەگەڕێتەوە.


سەرەتای سەرهەڵدانی ئەم كێشەیە بۆ چەند مانگێك دوای رووداوەكانی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو دەگەڕێتەوە كە بەهۆیەوە كورد لەدەسەڵاتی ئیداری و ئەمنی كەركوك دوورخرایەوە و عەرەبە هاوردەكانی سەردەمی بەعسیش ئەو لاوازییەیان قۆستوەتەوە بۆ ئەوەی بچنەوە سەر زەوییەكانی كورد كە لەرابردوودا لێی سوودمەند بوون.

ئەگەر چی لەچەند ناوچەیەك بەئاسانی دەستیان گرتەوە بەسەر زەوییەكاندا، بەڵام لەسنوری هەردوو قەزای دوبز و داقوق جوتیارە كوردەكان بەڕوویان وەستانەوە و بەهۆیەوە كێشەی لێكەوتەوە، بەئەندازەیەك كە لەناوچەی تاڵەبانی كێشەكە گەورە بووە و گەیشتە شەڕە گولـلە لەنێوانیاندا.

بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەیش راكان سەعید جبوری پارێزگاری كاتی كەركوك چەند جارێك لەگەڵ نوێنەری عەرەبەكان و كورددا كۆبووەوە، بەڵام بەهۆی رازینەبوونی كورد بەچارەسەرەكانی ئیدارەی كەركوك كە خستوێتییەڕوو، دانیشتنەكان گرژی لێكەوتووەتەوە و بەبێ هیچ چارەسەرێك كۆتایی هاتووە.

بورهان مزهر عاسی سەرۆكی كوتلەی عەرەبی كە هاوكات سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵی ئەنجومەنی پارێزگایە بە دواڕۆژ ی وت: "ئێمە وەكو عەرەب وتومانە هەركەسێك بەپێی یاسای 117ی كشتوكاڵ گرێبەستی هەیە، ئەوە خاوەنی زەوییەكەیە و پێویستە بگەڕێتەوە سەری، چونكە یاسا لەگەڵیدایە".
 
وتیشی: "ئەو یاسایە كاتێك دەرچووە و لەگرێبەستەكاندا پشتی پێبەستراوە كە جیاوازی لەنێوان كورد و عەرەب و توركماندا نەبووە و هەمووان عێراقی بوون، تەنانەت ئەو یاسایە مادەی 140یش نایگرێتەوە".

یاسای 117 بە (یاسای چاكسازی كشتوكاڵ)ی ساڵی 1970 ناودەبرێت و پەیوەندی بەرێكخستن و چۆنێتی دابەشكردنی زەوی كشتوكاڵی و گرێبەستەكانەوە هەیە.

لەساڵی 1970 حكومەتی عێراق پشتی بەو یاسایە بەستووەو بەشێكی زۆری لەزەوی دەرەبەگەكانی ئەو كاتەی ناوچەكە لەكورد و توركمان و عەرەب وەرگرتووەتەوە و بەسەر خەڵكی گوندەكاندا دابەشیكردوون.

لەساڵی 1975 جارێكی دیكە ئەو زەوییانەی لەكورد وەرگرتووەتەوە و بەسەر عەرەبی هاوردە و بەشێك لەعەرەبی سنورەكەدا دابەشكردووەتەوە و بەهەمان شێوە لەدابەشكردنیدا پشتی بەو یاسایە بەستووە.

كاكە رەش سدیق بەڕێوەبەری ئۆفیسی مادەی 140 لەكەركوك بەدواڕۆژی وت: "كێشەكە لەوەدایە كە هەموان داوادەكەن بەپێی یاسای 117 پرسی ئەو زەوییانە یەكلاییبكرێتەوە، بەپێی ئەو یاسایەیش ئەگەر شیكردنەوەی بۆ بكەین ئەو كەسانەی گرێبەستیان هەیە و عەرەبی رەسەنی شارەكەن هیچ كێشەیەك نییە، بەڵام گرێبەستی عەرەبە هاوردەكان بەپێی مادەی 140 هەڵوەشاوەتەوە كەچی ئێستا هاوردەكان هێرش دەكەن و دەیانەوێت زەوییەكانیان وەربگرنەوە".

وتیشی: "ئەو لیژنەیەی بۆ یەكلاییكردنەوەی پرسی ئەو زەوییانە پێكهێنراون لەكاتی شیكردنەوەی یاساكەدا گرژی تێكەوتووە، چونكە نوێنەری عەرەب داوادەكات سەرجەم ئەو كەسانەی گرێبەستیان هەیە بەپێی ئەو یاسایە بگەڕێنەوە كە ئێمە رەتمانكردووەتەوە، چونكە پێشێلكردنی دەستورە".

بەپێی ئەو بەدواداچوونانەی دواڕۆژ كردوێتی، لەساڵی 1970 كاتێك یاسای چاكسازی كشتوكاڵی دەرچووە، دەرەبەگەكانی كەركوكی گرتوەتەوە كە ئەو كات لەكورددا (تاڵەبانییەكان، داوودە و كاكەییەكان)ی گرتەوە، هەروەها یاساكە دەرەبەگەكانی (عوبێد و یەعقوبییەكان)ی لەعەرەبدا گرتەوە و لەتوركمانیشدا عەشیرەتەكانی (نەفتچی و ئەفەندییەكان).

دوای پێنچ ساڵ دواتر لەرۆژی 31ی ئاداری 1975 یاسای 369 دەرچووە، بەپێی ئەو یاسایەیش هەرچی زەوی كشتوكاڵی بەناوی كورد و توركمانەوەیە وەرگیرایەوە و بەشێكی بەسەر عەرەبی هاوردەدا دابەشكراوە و بەشەكەی دیكەیش بەسەر عەرەبی رەسەندا دابەشكرا.

محەمەد وەیس بەڕێوەبەری ناحیەی لەیلان (رۆژهەڵاتی كەركوك) لەپێكهاتەی توركمان بەدواڕۆژ ی وت: "بەپێی مادەی 140ی دەستور تەواوی گرێبەستە كشتوكاڵییەكان لەساڵی 1968 تاوەكو 2003 هەڵوەشاوەتەوە بەتەنها ئەو گرێبەستانە ناگرێتەوە كە لەساڵی 1970 ئەنجامدراون و بەپێی شیكردنەوەی مادەی 140 كە لەكاتی خۆیدا كردویانە گرێبەستەكانی ساڵی 1975 دەگرێتەوە".

وتیشی: "ئیرادەیەك هەیە بۆ پێشێلكردنی دەستورو لەڕێگەی یاساوە هەوڵی زیندوكردنەوەی گرێبەستی عەرەبە هاوردەكان دەدرێت".

لەئێستاشدا بەبیانوی رێگری لەدروستبونی گرژی لەنێوان جوتیارانی كورد و عەرەبدا، ئیدارەی كەركوك بەپێی بڕیارێك قەدەغەیكردووە هیچ لایەك لەجوتیارەكان زەوییە كشتوكاڵییەكانیان بكێڵن و لەڕێگەی بنكەكانی پۆلیسیشەوە بەڵێننامە بەجوتیارانی كورد پڕكراوەتەوە.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure