نوێترین زانیاری له‌سه‌ر كه‌یسی ئه‌و منداڵه‌ی دەڵێت ونبووی هه‌ڵه‌بجه‌یە

هەواڵ / کوردستانی :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 485‌ جار بینراوە
لوقمان عه‌بدولقادر، سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید
منداڵێكى دیكه‌ى ونبووى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ یه‌كێك له‌ شاره‌كانى ئێران دۆزرایه‌وه‌، سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌-ش ده‌ڵێت :"ئه‌و منداڵه‌ى دۆزراوه‌ته‌وه‌ به‌ڵگه‌ى به‌هێزی پێیه‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ منداڵه‌ ونبووه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌".


لوقمان عه‌بدولقادر، سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند :"له‌ چه‌ند ڕۆژى ڕابردوودا كه‌سێك كه‌ بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌ ده‌كرد یه‌كێكه‌ له‌ منداڵه‌ ونبووه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌، به‌ڵگه‌ى پێویستى ئاراسته‌ى  نوێنه‌رایه‌تیمان له‌ ئێران كرد. پاش لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ به‌ڵگه‌كانى كه‌ خستونییه‌ته‌ڕوو، دەرکەوت ئه‌و كه‌سه‌ بانگه‌شه‌كه‌ى راسته‌ و بەڵگەی بەهێزی پێیە کە یه‌كێكه‌ له‌ منداڵه‌ ونبووه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌".

وتیشى :"ئێمه‌ جارێ ناتوانین پشت ڕاستى به‌ڵگه‌كانى ئه‌و كه‌سه‌ بكه‌ینه‌وه‌ بۆیه‌، به‌ڵگه‌كانمان ئاراسته‌ى لایه‌نى په‌یوه‌ندیداركردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى دڵنیاببینه‌وه‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ منداڵه‌ ونبووه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ى هاوشێوه‌ى به‌شێك له‌ منداڵه‌ دۆزراوه‌كانى دیكه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ نه‌كه‌وینه‌ هه‌ڵه‌وه‌، هه‌روه‌ها خێزانى منداڵه‌ ونبووه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌-ش له‌ چاوه‌ڕوانیدا نه‌هێڵینه‌وه‌".

سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ زانیارى زیاترى ئاشكراكرد و ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو  :"ئه‌و منداڵه‌ى دۆزراوه‌ته‌وه‌ له‌ ڕه‌گه‌زى نێره‌ و پێشتر له‌ شارى تاران بووه‌، به‌ڵام ئێستا له‌ ده‌ره‌وه‌ى تاران ده‌ژى".

به‌هۆى كیمیابارانى 16/3/1988 زیاتر له‌ پێنج هه‌زار هاوڵاتى هه‌ڵه‌بجه‌ شه‌هیدبوون، به‌ هه‌زارنى دیكه‌ش برینداربوون، هاوكات 67 خێزانى هه‌ڵه‌بجه‌-یش زیاد له‌ 110 منداڵیان له‌ناو نه‌خۆشخانه‌كانى ئێران لێ ونبوو، تا ئێستا هه‌شت منداڵیان به‌ كه‌سوكاره‌كانیان شاد بوونه‌ته‌وه‌، شه‌ش منداڵى تریش دۆزراونه‌ته‌وه‌ نمونه‌ى خوێنیان لێوه‌رگیراوه‌، به‌ڵام هێشتا به‌ كه‌سوكاره‌كانیان شاد نه‌بوونه‌ته‌وه‌.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure