شازاده‌ چارلز عه‌رشى پاشایه‌تى بریتانیا ده‌له‌رزێنێت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 649‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
له‌م ساڵدا كتێبێكى تایبه‌ت ده‌رباره‌ى شازاده‌ چارلز-ى كوڕى شاژنه‌ ئه‌لیزابێس(92 ساڵ)، له‌لایه‌ن تۆم پاوه‌ر-ه‌وه‌ و به‌ ناونیشانى (شازاده‌ یاخییه‌كه‌) بڵاوكراوه‌ته‌وه‌. كتێبه‌كه‌ باس له‌و رێگریانه‌ ده‌كات كه‌ دێنه‌به‌رده‌م شازاده‌ى میراتگرى پاشایه‌تى له‌ بریتانیا له‌كاتى له‌سه‌رنانى تاجى پاشایه‌تیدا.


پاوه‌ر ده‌نووسێت "شازاده‌، كاتێك وه‌ك جێگره‌وه‌ى پاشاى بریتانیا ده‌بێته‌ شاى وڵات، ده‌كه‌وێته‌ شه‌ڕێكى قورسه‌وه‌ بۆ به‌ده‌ستهێنانى پشیوانیى بریتانیه‌كان و ته‌نانه‌ت عه‌رشى پاشایه‌تییش ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ ئه‌گه‌ر له‌و بیروڕا تواندانه‌ى خاونه‌بێته‌وه‌ كه‌ ئێستا هه‌یه‌تى، ئه‌گه‌ر ئه‌و پۆسته‌ شاهانه‌یه‌یش وه‌ربگرێت ئه‌وا ده‌بێته‌ به‌ ته‌مه‌نترین پاشاى بریتانیا چونكه‌ له‌م مانگه‌دا 70 ساڵى ته‌مه‌ن تێده‌په‌ڕێنێت".

نووسه‌ر ده‌ڵێت "شازاده‌ چارلز كه‌سێكى زیره‌ك و به‌هه‌سته‌، به‌ڵام كه‌سێكى خۆپه‌رست و له‌خۆبایى و گومڕا و ده‌ستبڵاو و سه‌ركه‌ش و كه‌لـله‌ڕه‌قییشه‌، له‌و باوه‌ڕه‌یشدام كه‌ هه‌وڵبدات بۆ ئه‌وه‌ى ببێته‌ پاشایه‌كى باشى جێگره‌وه‌ى دایكى، ئه‌گه‌ر بتوانێت".

پاشان ده‌پرسێت:"پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئاخۆ چۆن ره‌فتار ده‌كات؟ ئایا واز له‌و شێوازى ره‌فتار و مامه‌ڵانه‌ى دێنێت كه‌ ماوه‌ى بیست-سى ساڵێكه‌ ده‌یانكات و پێیانه‌وه‌ پابه‌نده‌؟". 

ده‌رباره‌ى دایك و باوكیشى ده‌ڵێت "له‌و باوه‌ڕه‌دام شاژنه‌ ئه‌لیزابێس و شازاده‌ فلیپ-ى هاوسه‌رى، سوپاسگوزارى ئه‌وه‌ن كه‌ ته‌مه‌نێكى دوورودرێژیان هه‌بووه‌ و هێشتایش هه‌ر ماون بۆئه‌وه‌ى رێگربن له‌به‌رده‌م كوڕه‌كه‌یاندا تا نه‌توانێت عه‌رشى پاشایه‌تیى بریتانیا وه‌ربگرێت، چونكه‌ ئه‌وانیش وایده‌بینن كه‌ چارلز هه‌موو مه‌سه‌له‌كه‌ ئاوه‌ژوو ده‌كاته‌وه‌ و هه‌موو شتێك تێكده‌دات و ده‌یشێوێنێ". 

ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجار نییه‌ كه‌ شازاده‌ چارلز ده‌كه‌وێته‌ به‌ر ره‌خنه‌ى توند، چونكه‌ له‌ نه‌وه‌ده‌كانى سه‌ده‌ى رابردووه‌وه‌، دید و تێڕوانینه‌كانى ده‌رباره‌ى چه‌ندین مه‌سه‌له‌ى په‌یوه‌ست به‌ گۆڕانى كه‌شوهه‌وا و ئایین و چاره‌سه‌رى گیایى و ته‌لارسازى و ..هتد، پێشوازیه‌كى ئه‌وتۆیان لێناكرێت و به‌لاى خه‌ڵكییه‌وه‌ نامۆن و له‌ جێى خۆیاندا نین.

خۆیشى له‌ دیدارێكى رۆژنامه‌ییدا له‌گه‌ڵ گۆڤارى (vanity fair) ده‌ڵێت"دێته‌وه‌ بیرم، كاتێك كه‌ هه‌رزه‌كار بووم هه‌ستم به‌ خه‌مۆكییه‌كى زۆر ده‌كرد به‌رامبه‌ر ئه‌م هه‌موو وێرانكارییه‌ ترسناك و تۆقێنه‌ره‌ى هه‌موو روویه‌كى ژیانى گرتووه‌ته‌وه‌".هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "كاتێك له‌ بالكۆنه‌كه‌وه‌ سه‌رم هه‌ڵده‌بڕى و بیرم له‌م هه‌موو مه‌سه‌لانه‌ ده‌كرده‌وه‌ و ده‌مویست خه‌ڵكى بایه‌خ و گرنگییه‌كى دوورمه‌ودا بده‌ن به‌ ئه‌زموونى مرۆڤایه‌تى، خۆمم له‌ ململانێیه‌كى ئاڵۆزدا ده‌بینیه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پێشهاته‌ ته‌قلیدیه‌كاندا و گه‌یشتمه‌ ئه‌وه‌ى كه‌ دۆخێكى هێنده‌ باش نابینیته‌وه‌ تا خۆتى تێدا بدۆزیته‌وه‌".
  
تۆم پاوه‌ر-ى نووسه‌ر، كه‌ بۆ ئاماده‌كردنى كتێبه‌كه‌ى 120 كه‌سى دواندووه‌ و هندێكیان له‌گه‌ڵ خێزانى شاهانه‌دا كاریان كردووه‌، ده‌ڵێت:"شازاده‌ چارلز پابه‌ندى چه‌ندین مه‌سه‌له‌ى وه‌ك پاراستنى ژینگه‌یه‌، به‌ڵام كه‌سێكه‌ ره‌خنه‌ قبووڵ ناكات كه‌چى خۆى ره‌خنه‌ى توند له‌ كه‌سانى تر ده‌گرێت و نایه‌وێت كه‌س له‌ڕوویدا بوه‌ستێته‌وه‌".

هه‌روه‌ها ده‌نووسێت "بێگومانم له‌وه‌ى شازاده‌ حه‌ز ده‌كات و ده‌یشیه‌وێت كارى باش بكات به‌ڵام له‌وه‌ تێناگات كه‌ ده‌ره‌نجامى زۆربه‌ى كاره‌كانى ده‌بنه‌ كێشه‌ و گرفتى زۆر، نایشه‌وێت كه‌سێك پێى بڵێت تۆ ئه‌و شته‌ یان ئه‌و كاره‌ت هه‌ڵه‌یه‌". "تێڕوانینێكى خۆى بۆ جیهان هه‌یه‌ و ده‌یه‌وێت بیسه‌پێنێت. ره‌فتار و هه‌ڵسه‌كه‌وت و تێڕوانینه‌كانى له‌گه‌ڵ پێشبینیه‌كاندا نایه‌نه‌وه‌ ئه‌مه‌یش واى لێده‌كات كه‌سێكى سه‌رچڵ و یاخى بێت".  

هه‌روه‌ك ده‌نووسێت "ئه‌م چارلز-ه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ى په‌یوه‌ندییه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ دیانا-یشدا له‌ باوك و دایكى یاخى بوو، ته‌نانه‌ت راگه‌یاندن و ئاشكراكردنى په‌یوه‌ندیى له‌گه‌ڵ كامێلا-ى دووه‌م ژنیشیدا هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌و یاخیبوونه‌یدا بوو". "بۆیه‌ ئه‌گه‌ر به‌م یاخیبوونه‌یه‌وه‌ ببێته‌ پاشاى بریتانیا ئه‌وا پاشایه‌تیى وڵات ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌كى گه‌وره‌وه‌".

ئاماده‌كردن: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید









  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure