ئێران له‌ سیسته‌مێكى نێوده‌وه‌ڵه‌تى كرایه‌ ده‌ره‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 578‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
كۆمه‌ڵه‌ى "سویفت" بۆ په‌یوه‌ندى دارایی نێوده‌وڵه‌تى ئاشكراى كرد، وه‌ك پابه‌ندبوون به‌سزا ئابوورییه‌كانى ئه‌مریكا، له‌سه‌ره‌تاى ئه‌م هه‌فته‌یه‌وه‌ هه‌موو خزمه‌تگوزارییه‌كانى له‌گه‌ڵ بانكه‌ ئێرانیه‌كان بچڕاند، یه‌كێتى ئه‌وروپاش نیگه‌رانى خۆى ده‌ربڕى به‌رامبه‌ر بڕیاره‌كه‌.


كۆمه‌ڵه‌ى په‌یوه‌ندی دارایی نێوده‌وڵه‌تى، كه‌ به‌ سویفت (SWIFT) ناسراوه‌، ساڵى 1973 به‌ده‌ستپێشخه‌رى بانكه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان دامه‌زراوه‌، به‌مه‌به‌ستى ده‌ستبه‌ركردنى تۆڕێكى په‌یوه‌ندیكردنى یه‌كگرتووى سه‌لامه‌ت له‌ سه‌رتاسه‌رى جیهان بۆ بانكه‌كان.

باره‌گاى كۆمه‌ڵه‌كه‌ له‌ به‌لجیكایه‌ و نوێنه‌رایه‌تى له‌ وڵاتانى ئه‌مریكا، فره‌نسا، ئه‌ڵمانیا، سویسرا و بریتانیا هه‌یه‌، تۆڕێكى گه‌وره‌ى په‌یوه‌ندیكردنى خێرا و سه‌لامه‌ت بۆ مامه‌ڵه‌ى دارایی و گواستنه‌وه‌ى زانیارى به‌شێوه‌یه‌كى خێرا، له‌ چه‌ند چركه‌یه‌ك بۆ به‌كارهێنه‌رانى دابین ده‌كات.

 "سویفت"  جگه‌ له‌ بانكى ئه‌وروپى و ده‌سته‌ى دارایی هۆنگ كۆنگ، بانكى ناوه‌ندى 20 وڵات له‌خۆده‌گرێت، ژماره‌ى به‌كارهێنه‌رانى له‌ ته‌موزى 2015 گه‌یشته‌ 10.800 به‌كارهێنه‌ر له‌ 209 وڵات و له‌ ژێر چاودێرییه‌كى توندایه‌ و 24 كاتژمێر خزمه‌تگوزارییه‌كانى به‌رده‌وامه‌ و 24 ملیۆن نامه‌ى ئه‌لیكترۆنى ئاڵۆگۆڕ ده‌كات.

بچڕانى خزمه‌تگوزاریی "سویفت" له‌ ژماره‌یه‌ك دامه‌زراوه‌ى بانكى و دارایی ئێران، گورزێكى كوشنده‌یه‌ له‌ سیسته‌مى بانكى ئێران، به‌وپێیه‌ى تاران بۆ پشتبه‌ستن به‌ئاڵوگۆڕى دراو و مامه‌ڵه‌ بانكییه‌كانى له‌رێگه‌ى ئه‌و سیسته‌مه‌ ئه‌نجام ده‌دات.

ئه‌م هه‌نگاوه‌ى "سویفت" له‌ روى مامه‌ڵه‌ى بانكه‌وه‌ ئێران گۆشه‌گیرده‌كات و ناچارى ده‌كات بۆ ئاڵۆگۆڕى دراو و مامه‌ڵه‌ بانكییه‌كانى به‌دواى رێگه‌ى تردا بگه‌ڕێت، هه‌روه‌ها قورس ده‌بێت بۆ ئێران كه‌ بتوانێت پاره‌ى ئه‌و شتانه‌ى ده‌یفرۆشێت وه‌ریبگرێت و پاره‌ى هاورده‌ى كاڵاوشمه‌كیش بدات.

هه‌روه‌ها بڕیاره‌كه‌ى "سویفت" هه‌وڵه‌كانى یه‌كێتى ئه‌وروپا بۆ پاراستنى په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانیه‌كانى نێوان یه‌كێتى ئه‌وروپا و ئێران ئه‌سته‌م ده‌كات، كه‌ ده‌یانه‌وێت سه‌ره‌ڕاى سزاكانى ئه‌مریكا جۆرێك له‌ په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ئێران بهێڵێته‌وه‌، بۆیە ئەم هەنگاوەی سویفت  نیگەرانی کردون.           



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure