له‌ هه‌ولێر خاوه‌ن پێداویستیه‌كى تایبه‌ت له‌سه‌ر شه‌قام فڕێدراوه‌

هەواڵ / کوردستان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 222‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی
ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ هاوڵاتیه‌كی دانیشتووی قه‌زای داقوق كه‌  خاوه‌ن پێداویستى تایبه‌ته‌ له‌لایه‌ن كه‌سوكارییه‌وه‌ له‌ شه‌قامێكی هه‌ولێر فڕێدراوه‌و پۆلیسی شاره‌كه‌ش ده‌ڵیت" هیچ دام و ده‌زگایه‌كی حكومه‌ت ئاماده‌نیه‌ ئه‌و كه‌سه‌ له‌خۆی بگرێت".


به‌ختیار ستار ته‌مه‌ن 25 ساڵ كه‌ خاوه‌ن پێداویستى تایبه‌ته‌ له‌ دوێنێ   چوارشه‌ممه‌وه‌ 7ی تشرینی دووه‌م له‌لایه‌ن ئۆتۆمبێلێكه‌وه‌ له‌سه‌ر یه‌كێك له‌ شه‌قامه‌كانى هه‌ولێر فڕێدراوه‌. 

 هۆگر عه‌زیز وته‌بێژی پۆلیسی هه‌ولێر به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: ئه‌و هاوڵاتیه‌ خه‌ڵكی داقووق بووه‌و دوێنێ به‌یانی له‌لایه‌ن كه‌سێكه‌وه‌ له‌ شه‌قامی 40 مه‌تری شاری هه‌ولێر فڕێدراوه‌و هه‌ر دوای رووداوه‌كه‌ پۆلیس ئاگادار كراوه‌و ده‌ست به‌جێ تیمێكی پۆلیسی فریاكه‌وتن گه‌یشتوونه‌ته‌ شوێنی هاوڵاتیه‌ فڕێدراوه‌كه‌و هاوڵاتیه‌كه‌یان هێناوه‌ته‌وه‌ ناو فه‌رمانگه‌ی پۆلیسی هه‌ولێرو خزمه‌تێكی باش كراوه‌و دوو ژه‌م نانی پێدراوه‌و پاك كراوه‌ته‌وه‌". 

وتیشى"په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه‌یان بۆ دۆسیه‌ی هاوڵاتیه‌كه‌ كردووه‌ته‌وه‌و په‌یوه‌ندییان به‌ كه‌سوكاری به‌ختیار كردووه‌ تاوه‌كو چاره‌سه‌ری كێشه‌كه‌ی بكه‌ن، به‌ڵام خانه‌واده‌كه‌ی ئاماده‌نین به‌ختیار وه‌ربگرنه‌وه‌و ده‌ڵێن با بۆخۆی بژی ئێمه‌ هیچ په‌یوه‌ندیمان به‌و كه‌سه‌وه‌ نه‌ماوه‌". 

هۆگر ده‌شڵێت: "به‌ فه‌رمانی دادوه‌ر له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌كه‌ له‌ خانه‌ی به‌ساڵاچووان و خانه‌ی چاره‌سه‌رییه‌ ده‌روونییه‌كان و چه‌ند شوێنێكی تر قسه‌یان كردووه‌و داوایان لێكردوون كه‌ ئه‌م هاوڵاتییه‌ له‌خۆ بگرن، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوونی جێگه‌ ئه‌وانیش ئاماده‌ نه‌بوون به‌ختیار وه‌ربگرن". 
هاوكات محه‌مه‌د گۆمه‌شینی، وته‌بێژی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤی هه‌رێم بۆ دواڕۆژ ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه‌ كێشه‌ی ئه‌و خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ته‌ ده‌بێت وه‌زاره‌ت كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی چاره‌سه‌ری بكات و وه‌ك ده‌سته‌ی مافی مرۆڤیش له‌سه‌ر خه‌تن تاوه‌كو كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر ده‌بێت و شوێنێك بۆ به‌ختیار ده‌دۆزرێته‌وه‌. 

وته‌بێژی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ وتیشی: "له‌گه‌ڵ له‌لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان سه‌رقاڵی ئه‌وه‌ین كه‌ ئاخۆ بۆچی هه‌ندێك فرمانگه‌ی تایبه‌ت به‌م پرسه‌ ئه‌و خاوه‌نپێداویستیه‌ تایبه‌ته‌یان وه‌رنه‌گرتووه‌و چاوه‌ڕێی وه‌ڵامی ئه‌و شوێنانه‌ین". 

دواڕۆژ به‌ دواداچوونی زیاتری بۆ ئه‌م رووداوه‌ كردووه‌و له‌ دوای ئه‌وه‌ی هیچ فه‌رمانگه‌و ده‌زگایه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ختیار ستاریان نه‌حه‌واندۆته‌وه‌ له‌ ئێستادا له‌ مه‌زگه‌وتی ره‌حمان له‌ گه‌ڕه‌كی شادیه‌ له‌ چاوه‌ڕوانى یه‌كلایی كردنه‌وه‌ى كێشه‌كه‌یدا.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure