دابه‌شكردنى ئاو له‌ پارێزگایه‌كى هه‌رێم بۆ سێ رۆژ راده‌گیرێت

هەواڵ / کوردستان :: 08/11/2018‌ :: 351‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید
له‌مڕۆوه‌ بۆ ماوه‌ى سێ رۆژ دابه‌شكردنى ئاوى خواردنه‌وه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ و ده‌وروبه‌رى راده‌گیرێت و به‌ڕێوه‌به‌رى فه‌رمانگه‌ى ئاوى پارێزگاكه‌ش هۆكاره‌كه‌ى ئاشكراده‌كات.


ئه‌له‌ند تۆفیق، به‌ڕێوه‌به‌رى فه‌رمانگه‌ى ئاوى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 8ى تشرینى دووه‌مى 2018 به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: به‌هۆى گیرانى بۆرى سه‌ره‌كى گواستنه‌وه‌ى ئاو بۆ خه‌زانه‌كانى پڕۆژه‌ى ستراتیژى دابینكردنى ئاو، جارێكى تر گرفت بۆ دابینكردنى ئاوى خواردنه‌وه‌ دروستبووه‌ و ناتوانین بۆ ماوه‌ى سێ رۆژ ئاو دابینبكه‌ین.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: تیمه‌كانى كۆمپانیاى سانگ یۆنگ، به‌رده‌وامن له‌ كاركردن له‌ ده‌ریاچه‌ى سیروان ئێمه‌ش چاودێرى كاره‌كانیان ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى به‌زوترین كات كۆتایى به‌ كاره‌كانیان بهێنن و دابه‌شكردنى ئاوى خواردنه‌وه‌ى ماڵان ده‌ستپێبكاته‌وه‌ و به‌یه‌كجارى كۆتایى به‌ گرفتى دابه‌شنه‌كردنى ئاو بهێنین له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و ده‌وروبه‌رى.

له‌ ماوه‌ى ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا ئه‌مه‌ بۆ جارى دووه‌مه‌ كه‌ دابه‌شكردنى ئاو له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ راده‌گیرێت و به‌هۆیه‌وه‌ هه‌ندێك له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانى شاره‌كه‌ نزیكه‌ى هه‌فته‌یه‌كه‌ ئاوى خواردنه‌وه‌یان به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه‌، ئه‌مه‌ش نیگه‌رانى لاى هاوڵاتیان دروستكردووه‌ و داواكارن سه‌رچاوه‌ى دابینكردنى ئه‌وى خواردنه‌وه‌یان بگوازرێته‌وه‌ بۆ سه‌رچاوه‌ى ئاوى زه‌ڵم.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure