بەڤیدیۆ: ترەمپ هێرشدەکاتەسەر پەیامنێرێک

هەواڵ / جیهان :: 08/11/2018‌ :: 211‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
دوێنێ 7ی تشرینی دووەمی 2018 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هێرشیکردەسەر جۆن ئەسوستا، پەیامنێری تۆڕی (سی ئێن ئێن)ی ئەمریکی لەکاتی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی رۆژنامەوانی ترەمپ دەربارەی هەڵبژاردنی نوێبوونەوەی نیوەیی کۆنگرێس.

پەیامنێرەکە پرسیارێکی ئاڕاستەی ترەمپ کرد دەربارەی کۆچبەرە نایاساییەکان کە لە مەکسیکەوە دەچنە ئەمریکا و وتی: "ئەوانە داگیرکەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نین".

ترەمپیش سەرەتا سوپاسی کرد بۆ تێبینییەکەی وتی: "راستە ئەوان داگیرکەر نین بەڵام پێویستە بەڕێگەی یاسایی بێن، ئێمە کۆمپانیاکانمان پێویستیان بە دەستی کارە".

پەیامنێرەکە دواتر وتی: "بەڵام ئەوان لە دووری تەنیا سەدان میلەوەن لە ئەمریکا"، ترەمپیش لە وەڵامدا وتی: "رێم پێبدە من وڵات بەڕێوەبەرم و تۆش ئەرکی خۆت لە سی ئێن ئێن بەجێ بهێنە".

لەمکاتەشدا یەکێک لە کارمەندەکانی کۆشکی سپی بەشێوەیەکی ناشایستە مایکرۆفۆنەکەی لە دەستی پەیامنێرەکە سەند، ئەگەرچی دەیویست پرسیاری دووەم بکات، بەڵام دواتر کارمەندەکە رێگەیدا پەیامنێرەکە پرسیاری دووەم بکات.

لەپرسیاری دووەمدا پەیامنێرەکە دەربارەی لێکۆڵینەوەکان لەسەر دەستوەردانی روسیا لە هەڵبژاردنەکەی ئەمریکا پرسیاری کرد، ترەمپیش وتی: "ئەو لێکۆڵینەوانە بێ سودن".

لێرە بەدواوە ترەمپ توڕە بوو، وتی: "مایکرۆفۆنەکە دانێ بەسە بەسە لە شوێنی خۆت دابنیشە، تۆ کەسێکی سوکایەتی بە بەرامبەر دەکەیت، شورەییت بۆ ئەو کەناڵەی کاری تایدا دەکەیت".

ترەمپ وتیشی: "دەبێت سی ئێن ئێن شەرم لە خۆی بکات، لەبەرامبەر ئەو هەڵسوکەوتەی لەگەڵ سارە هوکابی کردتان کە قێزەون بوو".

روویکردەوە پەیامنێرەکە و زیاتر وتی: "تۆ دوژمنی خەڵکیت، سی ئێن ئێن-یش هەواڵی ساختە بڵاودەکاتەوە".

ترەم مێژوویەکی لە دژایەتیکردنی دەزگاکانی راگەیاندندا هەیە، پێشتریش لە تویتێکدا لە شوباتی 2017 وتی: "دەزگا راگەیاندنە هەواڵییە ناڕاستەکانی (نیویۆرک تایمز، ئێن بی سی نیوز، ئەی بی سی، سی بی ئێس و سی ئێن ئێن) دوژمنی من نین، بەڵکو دوژمنی گەلی ئەمریکان".



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure