هه‌ده‌په‌: خه‌بات بۆ پێشخستنى زمانى كوردى راناوه‌ستێت

هەواڵ / کوردستانی :: 08/11/2018‌ :: 137‌ جار بینراوە

تاگ :: كوردستانى

دواڕۆژ، نه‌زیر عه‌لى 
كاره‌كانى كه‌مپینى پێشخستنى زمانى كوردى له‌ باكورى كوردستان و توركیا به‌رده‌وامه‌ و ئه‌ندامێكى پارتى دیموكراتى گه‌لان-یش ده‌ڵێت: خه‌باته‌كانى ئه‌وان بۆ پاراستن و پێشخستنى زمانى كوردى راوه‌ستانى نییه.


له‌ 29ى مانگى رابردوو‌ 9 پارتى كورد له‌ شارى ئامه‌دى باكورى كوردستان، له‌ ناویاندا پارتى دیموكراتى گه‌لان (هه‌ده‌په‌) له‌ژێر دروشمى (زمانێ مه‌ هه‌بوونا مه‌یه‌) كه‌مپینى پێشخستنى زمانى كوردى-یان ده‌ستپێكرد.

ئیمام تاشچه‌ر، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى توركیا له‌ فراكسیۆنى هه‌ده‌په‌ كه‌ به‌رپرسیارى ئه‌م كه‌مپینه‌یه‌ بۆ دواڕۆژ وتى: "بۆ جارى یه‌كه‌مه‌ 9 پارتى كورد به‌یه‌كه‌وه‌ له‌ توركیا كار بۆ پێشخستن و پاراستنى زمانى كوردى ده‌كه‌ن كه‌ تائێستا زۆر به‌باشى خه‌باته‌كانى ئه‌وان به‌رده‌وامن".

تاشچه‌ر ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: ئێستا به‌ به‌شدارى هونه‌رمه‌ندان و نوسه‌رانى كورد و له‌ هوڵه‌ داخراوه‌كاندا چالاكى خۆیان ئه‌نجامده‌ده‌ن و له‌ چه‌ند رۆژى داهاتوودا چالاكییه‌كان ده‌بنه‌‌ ناو گه‌ڕه‌ك و كۆڵان و بازار‌ و وێستگه‌كانى گواستنه‌وه‌.

وتیشى: "ده‌مانه‌وێت ده‌وڵه‌ت زمانى كوردى له‌ كوردستان و توركیا وه‌ك زمانى فه‌رمى بناسرێت، بۆیه‌ خه‌باته‌كانى ئێمه‌ بۆ پێشخستن و پاراستنى زمانى كوردى له‌ له‌ناوچوون به‌رده‌وام ده‌بن و راوه‌ستانى نابێت".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى هه‌ده‌په‌ ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: تائێستا حكومه‌تى توركیا ده‌ستى نه‌خستووه‌ ناو كه‌مپینى ئه‌وان، به‌ڵام ئه‌وان نازانن رۆژانى داهاتوو چى رووده‌دات و چى ده‌بێت.

بڕیاره‌ رۆژانى 11 و 12ى ئه‌م مانگه‌ به ‌به‌شدارى زۆرێك له‌ شاره‌زایان و پسپۆڕانى زمانى كوردى له‌ ئامه‌د كۆبوونه‌وه‌یه‌كى به‌رفراوان بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنى خه‌بات و ئه‌نجامه‌كانى ئه‌م كه‌مپینه‌یه‌ رێكبخرێت.

كورد له‌ رووى ژماره‌وه‌ له‌ توركیا دووه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌، به‌ڵام تائێستا له‌ ده‌ستوورى ئه‌و وڵاته‌دا ته‌نها زمانى توركى وه‌ك زمانى ره‌سمى ده‌وڵه‌ت دیاریكراوه‌ و نووسین به‌ زمانى كوردى له‌ داموده‌زگادا قه‌ده‌غه‌یه.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure