"شه‌ش هه‌زار ئاسك له‌ ناوچه‌یه‌كى هه‌رێم كوژراون"

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 459‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 
به‌ وته‌ی رێكخراوێكی بواری ژینگه‌ له‌ دوای شه‌ڕی داعشه‌وه‌ له‌ گه‌رمیان نزیكه‌ی شه‌ش هه‌زار ئاسك كوژراون و دیارده‌ی ڕاوكردن له‌ حاڵه‌ته‌وه‌ بووه‌ته‌ مه‌ترسی لایه‌نی په‌یوه‌ندرایش باس له‌وه‌كه‌ن سوكی سزا و نه‌بوونی دادگای تایبه‌ت و كه‌مته‌رخه‌می لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی دیكه‌ له‌ گه‌ڵ خراپی لایه‌نی ماددی كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئیشوكاره‌كانیان هه‌بووه‌. 


ئیبراهیم زه‌ریف سه‌رۆكی ڕێكخراوی ژینگه‌ پارێزی گه‌رمیان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند؛ له‌ سنووری گه‌رمیان ڕاوكردن له‌ حاڵه‌ته‌وه‌ بووه‌ته‌ مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئاژه‌ڵ و په‌له‌وه‌ری كێوی و به‌ پێی ئاماره‌كان له‌ پێش شه‌ڕی داعش له‌ سنووری گه‌رمیان هه‌شت هه‌زار ئاسك هه‌بووه‌، به‌ڵام له‌ دوای ئه‌و شه‌ڕه‌وه‌ تا ئێستا دوو هه‌زار ئاسك له‌ سنووره‌كه‌دا ماوه‌و ئاژه‌ڵ و په‌له‌وه‌ره‌كانی دیكه‌ش زیانی زۆریان به‌ركه‌وتووه‌. 

وتیشی" هۆكاری ڕاوكردن و كوشتنی ئه‌و ئاژه‌ڵ و په‌له‌وه‌رانه‌، په‌یوه‌ندی به‌ سوكی سزاو كه‌می غه‌رامه‌و زیندانی نه‌كردنی ڕاوچییه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ى هه‌ندێك لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار به‌و كه‌یسه‌وه‌  كه‌مته‌رخه‌من. 

گه‌رمیان ڕووبه‌رێكی فراوانی هه‌رێمی كوردستان پێكده‌هێنێت و ده‌وڵه‌مه‌نده‌ به‌ سامانی ئاژه‌ڵ و به‌ تایبه‌تی ئاژه‌ڵی سرووشتی له‌ ناویاندا ئاسك و هه‌روه‌ها ده‌یان جۆری په‌له‌وه‌ری كێوی. 

ئازاد ئه‌حمه‌د سه‌رۆكی رێكخراوی ژینگه‌ دۆستانی گه‌رمیان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند؛ حاڵه‌ته‌كانی راِوكردن له‌ سنوری گه‌رمیان به‌رده‌وامیان هه‌یه‌و به‌ تایبه‌تی له‌ وه‌زری زستاندا ڕوو له‌ زیادبوون ده‌كه‌ن. 

وتیشی"به‌شێكی گرفته‌كان نه‌بوونی په‌یوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگی نێوان لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان‌و نه‌بوونی یاسای گونجاوه‌ بۆ رێكخستنه‌وه‌ی ئیشوكاره‌كانی نێوان فه‌رمانگه‌كان به‌ شێوه‌یه‌ك خزمه‌تی باشتر به‌ ژینگه‌ و ئاژه‌ڵ و په‌له‌وه‌ر بكات " و ده‌شڵێت "له‌ كاتی ده‌ستگرتن به‌سه‌ر چه‌كی ڕاوچیدا ده‌بێت چه‌كه‌كان ڕاده‌ستی فه‌رمانگه‌ی ژینگه‌ بكرێت. واته‌ له‌ فه‌رمانگه‌یه‌كی سه‌ربازیه‌وه‌ دۆسیه‌كه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌ فه‌رمانگه‌یه‌كی مه‌ده‌نی". 

 ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا" له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا چه‌ندین چالاكی جۆراو جۆر و ته‌نانه‌ت خۆپیشاندانیان له‌ دژی ڕاوكردن و زیانه‌كانی ئه‌نجامداوه‌ و هه‌روه‌ها زۆر كاریان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردووه‌ لیژنه‌یه‌ك له‌ نێوان لایه‌ن و فه‌رمانگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان پێكبهێنرێن و ئه‌مانه‌ هه‌فتانه‌ كۆبونه‌وه‌یان هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن باشتر كاره‌كان ئه‌نجامبده‌ن، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ تا ئێستا نه‌توانراوه‌ ئه‌و لیژنه‌یه‌ دروست بكرێت". 

ئازاد ئه‌حمه‌د باسیشی له‌وه‌كرد، خراپی ئۆتۆمبیل و باری دارایی و ئه‌و پێداویستیانه‌ی له‌به‌رده‌م پۆلیسی دارستانه‌ له‌ ئاستێكی زۆر لاوازدایه‌و بووه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی نه‌توانێت هه‌موو ناوچه‌كه‌ كۆنتڕۆڵ بكات و سه‌ره‌ڕای هه‌وڵه‌كان نه‌توانراوه‌ ئه‌و كێشانه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن و بۆ باشتر چاره‌سه‌ركردنی به‌شێكی زۆری ئه‌و كێشانه‌ش پێویسته‌ له‌ خولی داهاتووی حكوومه‌ت، وه‌زاره‌تی ژینگه‌ دابمه‌زرێت نه‌ك ته‌نها فه‌رمانگه‌یه‌ك.

له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ی گه‌رمیان به‌ تایبه‌تی ناوچه‌كانی قۆره‌توو و مه‌یدان و ده‌شتی كه‌لار و چه‌ند شوێنێكی دیكه‌ ئاسك و په‌له‌وه‌ری كێوی به‌ كۆمه‌ڵ ده‌بنرێن و سیمایه‌كی جوانیان به‌ ناوچه‌كه‌ به‌خشیوه‌. 

سه‌ركه‌وت ره‌حیم به‌رێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگه‌ی گه‌رمیان به‌ واڕۆژی راگه‌یاند؛ له‌ سنووری گه‌رمیان ده‌توانین بڵێن ساڵانه‌ رێژه‌ی ئاژه‌ڵ و په‌له‌وه‌ری كێوی ڕوو له‌ زیادبوون ده‌كه‌ن، به‌ جۆرێك له‌ هه‌ندێ ناوچه‌ هاوشێوه‌ی مه‌ڕو ره‌شه‌و وڵاخ، ئاسك و ئاژه‌ڵ و په‌له‌وه‌ری كێوی به‌ كۆمه‌ڵ ده‌بینرێن و زۆرجاریش تێكه‌ڵاو به‌ مه‌ڕو ماڵاتی گوندنیشینان ده‌بن. 

وتیشی"هۆكاری ئه‌م زیادبوونه‌ به‌هۆی ئه‌و ناوچه‌ پارێزراو و ژینگه‌ له‌ باره‌یه‌ له‌ لایه‌ن پۆلیسی دارستانه‌وه‌ بۆیان دابینكراوه‌ و به‌رده‌وام چاودێری ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌ن له‌ ڕاوی نایاسایی و ده‌ستگیركردنی ڕاوچییه‌كان و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان". 


وتیشی"به‌رێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌یان كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی جۆراو جۆری هه‌یه‌ كه‌ كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر كاره‌كانیان هه‌یه‌ له‌وانه‌، سوكی جۆری سزای سه‌رپێچی كاران، نه‌بوونی دادگای تایبه‌ت و په‌یوه‌ندیدار، هه‌روه‌ها ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ پۆلیسی دارستانه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ ئاستی پێویستدا نین و به‌هۆیانه‌وه‌ نه‌یانتوانیوه‌ ئامانجه‌كانیان به‌ ته‌واوه‌تی بپێكن له‌ نه‌هێشتنی ڕاوی كردن و ڕاوی نایاسایی و پاراستنی ژینگه‌". 

سه‌ركه‌وت ره‌حیم  ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، به‌شێكی دیكه‌ی كێشه‌كانیان، كۆنی ئۆتۆمبیل و كه‌می سووته‌مه‌نی و خراپی باری داراییانه‌ به‌ جۆرێك مه‌فره‌زه‌ گه‌ڕۆكه‌كانیان له‌ نێو چه‌رداخ و كه‌پردا ده‌مێننه‌وه‌ و چه‌ندینجار داوایان كردووه‌ كابینه‌یان بۆ دابنیبكرێت، به‌ڵام جێبه‌جێنه‌كراوه‌ و زۆرجار له‌سه‌ر ئه‌ركی ئه‌فسه‌ر و پۆلیسه‌كان ئۆتۆمبێل یان هه‌ر پێداویستییه‌كی دیكه‌یان دابینكردووه‌ ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بتوانن له‌ خزمه‌تكردن به‌رده‌وامبن". 

دواڕۆژ چه‌ندینجار په‌یوه‌ندی كرد به‌ دوره‌ید سه‌لیم به‌رێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی ژینگه‌ی گه‌رمیان، به‌ڵام  هه‌وڵه‌كانى بێ ئاكام بوو. 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure