دواى نه‌مانیان له‌ پۆسته‌كانیان په‌رله‌مانتارانى هه‌رێم ئه‌م كارانه‌ ده‌كه‌ن

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 523‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سامان قوبادى
به‌شێك له‌ ئه‌ندامانى خولى پێشووى په‌رله‌مانى كوردستان دواى په‌رله‌مانتارى ده‌یانه‌وێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر پیشه‌كانى پێشتریان، هه‌ندێكیان پڕۆژه‌ و كارى نوێیان هه‌یه‌ له‌و پسپۆڕییه‌ى هه‌یانه‌، په‌رله‌مانتارێكیش ده‌ڵێت بێكارم.


رۆژى سێشه‌ممه‌ 6ى تشرینى دووه‌مى 2018 په‌رله‌مانى نوێى كوردستان ده‌ستبه‌كاربوو، به‌مه‌ش كۆتایى به‌ خولى چواره‌مى په‌رله‌مان هات و به‌شێكى به‌رچاوى په‌رله‌مانتارانى ئه‌و خوله‌ش كۆتایى به‌ ئه‌ركه‌كانیان هات، له‌كاتێكدا ژماره‌یه‌كى كه‌میان وه‌ك په‌رله‌مانتار دووباره‌ ده‌ستبه‌كاربونه‌وه‌.

به‌پێى به‌دواداچونێكى دواڕۆژ په‌رله‌مانتارانى پێشوو بۆ ئاینده‌ سه‌رقاڵى كار و پڕۆژه‌ى جیاجیا ده‌بن، هه‌ندێكیشان ده‌ڵێن: هێشتا به‌رچاومان رون نیه‌ و چاوه‌ڕوانى حزبه‌كانمان ده‌كه‌ین.

عومه‌ر عینایه‌ت، ئه‌ندامى خولى پێشوو له‌ فراكسیۆنى گۆڕان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: پێش په‌رله‌مانتارى، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى و بریكارى وه‌زیر بووم دواى نه‌مانم له‌و پۆستانه‌ گه‌ڕاومه‌ته‌وه‌ سه‌ر پیشه‌ى ئه‌ندازیاری.
وتیشى: "ره‌نگه‌ كۆمپانیایه‌ك دابنێم یان له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كدا كارى ئه‌ندازیارى بكه‌م، ئه‌و شاره‌زاییه‌ى له‌ ته‌مه‌نى ئێمه‌دا كۆبووه‌ته‌وه‌ ئه‌گه‌ر سوودى لێوه‌رنه‌گیرێت كفرى نیعمه‌ته‌ و ناكرێ پشتگوێ بخرێت". 
عینایه‌ت ده‌رده‌ دڵییه‌كیشى كرد و ئه‌وه‌ى وت: "كۆسپ و ته‌نگژه‌ى سیاسى و ئابورى له‌ خوولى پێشوو نه‌یهێشت ئه‌و ئامانجه‌ى من بۆى چومه‌ په‌رله‌مان و نیه‌تم هه‌بوو بیپێكین، په‌رله‌مان به‌ كۆیله‌ى حكومه‌ت ده‌بینم حكومه‌تیش كۆیله‌ى دوو حزبى ده‌سه‌ڵاته‌، به‌هیچ جۆرێك په‌رله‌مان قسه‌ى ئه‌خیر ناكات له‌م وڵاته‌دا". 

به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌ندامێكى ترى فراكسیۆنى گۆڕان ده‌ڵێت: بێكارم.
عادل عه‌زیز بۆ دواڕۆژ وتى: "دواى په‌رله‌مان هیچ ئیشێكم نییه‌ و بێكار ماومه‌ته‌وه‌".

هاوكات ئێڤار ئیبراهیم، ئه‌ندامى فراكسیۆنى گۆران له‌ خولى چواره‌م به‌ دواڕۆژى وت: "پڕۆژه‌یه‌كى تایبه‌تم هه‌یه‌، به‌ڵام نامه‌وێت ورده‌كارییه‌كه‌ى باس بكه‌م ده‌یكه‌مه‌ سوپرایز بۆ خه‌ڵك له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا، جگه‌له‌وه‌ وه‌كو ئه‌ندامێكى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌ دواى په‌رله‌مانتارى كارده‌كه‌م".

فرسه‌ت سۆفى، ئه‌ندامى خولى پێشووى په‌رله‌مان له‌ فراكسیۆنى پارتى به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: خۆم خانه‌نشین نه‌كردووه‌، بۆیه‌ وه‌ك مامۆستاى زانكۆ ده‌ستبه‌كارده‌بمه‌وه‌.
وتیشى: "ته‌مه‌نم 40 ساڵه‌ هێشتا كاتى ئه‌وه‌ نییه‌ خانه‌نشین بم، تا ئه‌وكاته‌ى ته‌مه‌نى خانه‌نشینیم دێت ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ سه‌ر پیشه‌كه‌ى پێش په‌رله‌مانتارى كه‌ مامۆستاى زانكۆیه‌".

هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ ئاواز حه‌مید، په‌رله‌مانتارى پێشووى فراكسیۆنى پارتى بۆ دواڕۆژ وتى: "پێشتر به‌ڕێوه‌به‌رى هۆبه‌ى یاسایى بووم له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پاسپۆڕتى هه‌ولێر، جگه‌له‌وه‌ پێش په‌رله‌مانتارى پله‌ى نه‌قیبم هه‌بوو له‌ وه‌زاره‌تى ناوخۆ، هاوكات وه‌ك پسپۆڕى یاسایى كارمكردووه‌ له‌ دامه‌زراوه‌ سه‌ربازییه‌كان، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تم بۆ بڕه‌خسێت حه‌زده‌كه‌م بگه‌ڕێمه‌وه‌ سه‌ر هه‌مان كارى پێش بوون به‌ په‌رله‌مانتار به‌و ئه‌زموونه‌ى كه‌ هه‌مه‌ ده‌مه‌وێت خزمه‌ت به‌م وڵاته‌ بكه‌م".

جیاواز له‌وان ئامینه‌ زكرى، په‌رله‌مانتارى پێشوو له‌ فراكسیۆنى پارتى چاوه‌ڕوانى حزبه‌كه‌ى ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى به‌رپرسیارێتى پێبسپێردرێت.
ئه‌و بۆ دواڕۆژ وتى: "ئه‌گه‌ر پارتى ئه‌ركى حكومى یان حزبیم پێنه‌سپێرێت یان هیچ كارێكم نه‌بوو، ئه‌وا وه‌ك خۆبه‌خشێك له‌ ده‌زگاى خێرخوازى بارزانى كارده‌كه‌م".

په‌رله‌مانتارێكى پێشووش ده‌یه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر پیشه‌كه‌ى پێشترى، به‌ڵام به‌هه‌ندێك گۆڕانكارییه‌وه‌.
زانا عه‌بدولره‌حمان، په‌رله‌مانتارى خولى پێشوو له‌سه‌ر فراكسیۆنى یه‌كێتى به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: "له‌مه‌ودوا به‌ته‌ماى كاركردنم له‌ كه‌ناڵى كوردسات، چاوه‌ڕێم تابزانین یه‌كێتى له‌و كه‌ناڵه‌ چ به‌رپرسیارێتییه‌كم ده‌داتێ، به‌ڵام وه‌كو پێشكه‌شكار ناچمه‌وه‌ كوردسات، ته‌نها وه‌ك راگه‌یاندنكار ده‌مه‌وێت له‌وێ كاربكه‌م".

سكرتێرى پێشووى په‌رله‌مانى كوردستانیش له‌دواى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌یه‌وه‌ سه‌رقاڵى كارى حزبییه‌، به‌ڵام بۆ ئاینده‌ خواستێكى ترى هه‌یه‌
فه‌خره‌دین قادر، سكرتێرى په‌رله‌مان له‌ خولى چواره‌م له‌ فراكسیۆنى كۆمه‌ڵى ئیسلامى به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: پێش ئه‌وه‌ى بچمه‌ په‌رله‌مان به‌رپرسى مه‌كته‌بى په‌یوه‌ندییه‌كانى كۆمه‌ڵى ئیسلامى بووم، دواى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ش كارى حزبى ده‌كه‌م".
وتیشى: "به‌ڵام پێمخۆشه‌ پۆستێكى حكومى گشتیم هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ى خزمه‌ت بكه‌م".

جیاواز له‌ په‌رله‌مانتاران دواڕۆژ په‌یوه‌ندى به‌ ژماره‌یه‌ك له‌ وه‌زیرانى حكومه‌ت كرد، به‌ڵام نه‌یانویست له‌مباره‌یه‌وه‌ لێدوان بده‌ن، هه‌ندێكیان باسیان له‌وه‌كرد چاوه‌ڕوانى حزبه‌كانیانن تا بزانن له‌ ئاینده‌دا چ كارێكیان پێده‌سپێرێت.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure