زیرەكیی دەستكرد بۆ توندوتۆڵكردنەوەی دەروازە سنووریەكان

هەواڵ / زانست :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 144‌ جار بینراوە

تاگ :: زانست

دواڕۆژ
زۆربەی وڵاتە پێشكەوتووەكان تەكنیكی نوێ‌ لە دەروازە سنووریەكانیان بەكاردێنن بۆ دڵنیابوون لە ناسنامەی ئەو كەسەی ئامدیوو دەبێت، ئەمەیش بە سیستمی خوێندنەوەی مۆری ناولەپ یاخود مۆری چاو. 

بەڵام پێدەچێت یەكێتی ئەوروپا هەر بەوە رازیی نەبێت و وای بەپێویست بزانێت كە دەبێت راستی و دروستیی نیاز و مەرامی كەسەكە بزانێت و بیشزانێت كە ئاخۆ ئەو زانیارییانەی دەیدا راستن یان درۆ!. بۆ ئەم مەبەستەیش تەكنیكێكی نوێی خستووتە ژێر ئەزموون و تاقیكردنەوەوە و بڕیارە لە چەند مانگی داهاتوودا بخرێتە كارەوە.

زیرەكیی دەستكرد بۆ ئاشكراكردنی درۆ


ئەگەرچی هەندێك لە پسپۆران هەر بە زمانی جەستە دەتوانن ئەو حاڵەتە بدۆزنەوە، بەڵام هەندێكی تر وای بە باشتر دەزانن كە ئامێری ئاشكراكردنی درۆ دابنرێت و لەڕێگەی تێكڕای هەناسەدان و لێدانی دڵ و پەستانی خوێنی كەسەكەوە، راستی یان درۆكەی ئاشكرا بكات. ئەمەیش كێشەی ئەوەی تێدایە كە رەنگە كەسەكە بتوانێت كۆنترۆڵی ئەو بارودۆخانەی خۆی بكات و بۆی دەرچێت! بۆیە بیر لە تەكنیكێكی تازە كراوەتەوە ئەویش پشتبەستنە بە زیرەكیی دەستكرد كە بێ‌ چەندوچوون هەموو شتێك دەدۆزێتەوە.

دەكرێت لەڕێی خواریزمی بینیی ئەلیكترۆنیەوە، گوزارشتەكانی رووی كەسەكە بزانرێت و لەكاتی پێكەنین یان تووڕەبوون و دڵتەنگی و هەر گۆڕانكارییەكی تری دەموچاودا لێی تێبگەیت، بەڵام توێژەرانی زانكۆی ئێم ئای تی چەند ساڵێكە سەرگەرمی پێشخستن و پەرەپێدانی خوارزمیاتی بەهێزترن بۆ لێكدانەوەی گوزارشت و دەربڕینە شاراوەكانی كەسەكە بەمەیش هەر فرتوفێڵ و خەڵەتاندنێكی هەبێت، ئەگەر لە سیستمەكەی پێشوودا تێپەڕیبێت، لەمەیاندا دەدۆزرێتەوە. 

زاناكان لەپاڵ ئەم هەنگاوەدا، هەوڵ دەدەن بۆ زانینی راستی و دروستیی ئاماژە شاراوەكانی پشت پێكەنین و گریان و خۆتووڕەكردنی دەستكرد (درۆزنانە) و خۆگێلكردن و تەواوی ئەو حاڵەتانەی تر كە رەنگە كەسەكە بیانكات.


سیستمی ئای بۆرد كۆنترۆڵ


یەكێتی ئەوروپا بە هاوكاریی هەنگاریا، كەوتوونەتە تاقیكردنەوەی سیستمی (ئای بۆرد كۆنترۆڵ- iBorderCtrl) بۆ دڵنیابوون لەوەی كە پاسپۆرت و زانیارییە تۆماركراوەكانی كەسەكە راستن یان نا. نەك هەر ئەمە بەڵكو چەند پرسیارێكی تایبەتی لێدەكەن و وەڵامەكانی دەدەنەوە بە ئامێرێكی تایبەت كە پشت بە زیرەكیی دەستكرد دەبەستێت، بۆ سەلماندنی ئەوەی كە ئاخۆ راستن یان درۆ.  

ئەم سیستمی ئای بۆرد كۆنترۆڵ-ە وردەكارییەكی ئەوتۆ دەربارەی رانەگەیەنراوە، بەڵام بڕی تێچوونەكەی یەكجار زۆرە و دەگاتە زیاتر لە 4 ملیۆن و 500 هەزار یورۆ. كۆی ئەم تێچوونەیش یەكێتی ئەوروپا داویەتی، ئەمەیش لایەنە پەیوەندیدارەكانی دڵخۆش و گەشبین كردووە بەوەی كە ئەگەرچی بڕی تێچووەكەی زۆرە بەڵام خەرجكردنەكەی لەلایەن یەكێتی ئەوروپاوە مانای ئەوەیە رێكخراوە ئەورپاییەكە گرنگیی تەواوی پێداوە و دەیەوێت بیگەیەنێتە ئەنجام و لە نزیكترین دەرفەتدا بخرێتە خزمەتەوە. 

ئامادەكردن: لوقمان محەمەد رەشید 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure